ئیسرائیل هەنگاوێک لە دەرکردنی سزای لە سێدارەدان بۆ "تیرۆریستان" نزیک دەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەیەکی پەرلەمانیی ئیسرائیل، پڕۆژەیاسایەکی جێی مشتومڕی پێشخست کە سزای لەسێدارەدان بۆ ئەو کەسانە پێشنیاز دەکات کە بە "تیرۆریست" پۆلێن دەکرێن، ئەم هەنگاوە لەلایەن وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی راستڕۆی تووندڕۆ، ئیتامار بێن گڤیرەوە، بە تووندی پاڵپشتیی لێدەکرێت.
 
رۆژی دووشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2025، لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێسێت)، هەموارکردنەوەی یاسای سزاکانی پەسندکرد، کە رێگە بۆ سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەو کەسانەدا خۆش دەکات کە بە کردەوەی تووندوتیژی بە پاڵنەری سیاسی سزا دەدرێن. ئەم پڕۆژەیاسایە بۆ خوێندنەوەی یەکەم رەوانەی کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان کراوە.
 
گال هیرش، رێکخەری کاروباری بارمتە و دیلەکانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پشتگیریی تەواو لەو رێکارە یاساییە دەکەن و بە هەنگاوێکی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی "تیرۆر"ی دەزانن.
 
بێن گڤیر، کە یەکێکە لە پاڵنەرە سەرەکییەکانی ئەم یاسایە رایگەیاند، ئەگەر تاوەکو رۆژی یەکشەممەی داهاتوو دەنگ لەسەر یاساکە نەدرێت، رێگری لە پارتەکەی، ئۆتزما یەهودیت (هێزی جوو) دەکات کە دەنگ بە پڕۆژەکانی دیکەی هاوپەیمانیی حکومڕان بدات، ئەمەش وەکو هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەقامگیری و مانەوەی حکومەتەکەی نەتەنیاهوو لێکدەدرێتەوە.
 
لە کاتێکدا سزای لەسێدارەدان بەشێوەی تیۆری بۆ ژمارەیەکی کەم لە تاوانە قورسەکان لە یاساکانی ئیسرائیلدا هەیە، بەڵام جێبەجێ ناکرێت. دوایین کەس کە لە ئیسرائیل لەسێدارە درا، ئەدۆلف ئایخمەن بوو، کە یەکێک بوو لە ئەندازیارانی هۆلۆکۆستی نازییەکان و لە ساڵی 1962 سزاکەی بەسەردا جێبەجێ کرا.
 
لە راگەیێندراوێکی لیژنەکەدا کە تێبینیی روونکردنەوەی پڕۆژەیاساکە لەخۆدەگرێت، هاتووە "ئامانجی سەرەکیی یاساکە بنبڕکردنی تیرۆرە لە رەگ و ریشەوە و دروستکردنی رێگرییەکی بەهێز و تووندە."
 
بەگوێرەی یاساکە: "پێشنیاز دەکرێت کە ئەو تیرۆریستەی بە ئەنجامدانی کوشتن بە پاڵنەری رەگەزپەرستی یان رق و کینە بەرامبەر بە خەڵک سزا درابێت، بەتایبەتی لە بارودۆخێکدا کە کردەوەکە بە مەبەستی زیانگەیاندن بە دەوڵەتی ئیسرائیل و ئاسایشی هاووڵاتییانی کرابێت، دەبێت سزای لەسێدارەدانی بەسەردا بسەپێندرێت، بە شێوەیەکی ناچاری و پابەندکەر." هەروەها یاساکە "بژاردە نییە" واتە دادوەرەکان ناتوانن لە سەپاندنی سزاکەدا بڕیاری جیاواز بدەن، ئەگەر تاوانەکە ساخ بووەوە.
 
دەقەکە هەروەها پێشنیازی ئەوە دەکات سزای لەسێدارەدان دەتوانرێت بە زۆرینەی ئاسایی دەنگی دادوەران بسەپێندرێت، نەک بە کۆدەنگی، و دوای دەرچوونی بڕیاری کۆتایی، سزاکە ناتوانرێت کەمبکرێتەوە یان لێخۆشبوونی بۆ دەربچێت.
 
گالی هیرش، پێشتر دژایەتیی گفتوگۆکردنی پڕۆژەیاساکەی کردبوو بەهۆی نیگەرانییەکانی لەبارەی سەلامەتیی ئەو بارمتە ئیسرائیلییانەی، کە لە غەززە دەستبەسەر بوون، چونکە ترسی هەبوو ئەم یاسایە ژیانیان بخاتە مەترسییەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هیرش گوتی: "لەبەرئەوەی بارمتەکان ئێستا گەڕاونەتەوە ئیسرائیل، ئەم دژایەتییە چیدی بنەمای نییە و پەیوەندیدار نییە."
 
رێکخەری کاروباری بارمتەکان هەروەها دەشڵێت: "سەرۆکوەزیران پشتگیریی ئەم پێشنیازە دەکات. من ئەم یاسایە وەکو ئامرازێکی دیکە و کاریگەر لە کۆگەی چەکەکانماندا دەبینم بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و وەکو گوشارێک بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی داهاتوو."
 
پڕۆژەیاساکە لەلایەن پەرلەمانتارێکی سەر بە پارتی ئۆتزما یەهودیتەوە، کە بێن گڤیر سەرۆکایەتیی دەکات، پێشکێش کراوە.
 
بێن گڤیر، رۆژی دووشەممە رایگەیاند: "هیچ جێگەیەکی بۆ بڕیاری تاکەکەسیی دادوەر لەم یاسایەدا نابێت. دەبێت یاساکە روون و یەکلاکەرەوە بێت."
 
ئەو وەزیرە گوتیشی: "هەر تیرۆریستێک کە خۆی بۆ ئەنجامدانی کوشتنی ئیسرائیلییەکان ئامادە دەکات، دەبێت بە دڵنیاییەوە بزانێت کە تەنیا یەک سزا چاوەڕێی دەکات، ئەویش سزای لەسێدارەدانە."
 
بێن گڤیر، رۆژی هەینی ڤیدیۆیەکی خۆی بڵاوکردەوە کە تێیدا لە ریزی چەند زیندانییەکی فەلەستینی وەستابوو کە دەموچاویان لە زەوی بوو و دەستەکانیان لە دواوە بەسترابوونەوە و بە دەنگی بەرز داوای دەرکردنی یاسای سزای لەسێدارەدانی دەکرد.