هیومان رایتس وۆچ: ئیسرائیل پەرە بە کۆمەڵکوژی و پاکتاوی رەگەزی دەدات
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ لە نوێترین راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا رایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل لە ساڵی 2025دا تاوانەکانیان دژی فەڵەستینییەکان چڕتر کردووەتەوە، کە تاوانی جەنگ، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و پاکتاوی رەگەزی دەگرێتەوە.
رێکخراوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە، لە (راپۆرتی جیهانیی 2026)دا بڵاویکردەوە، "هێزەکانی ئیسرائیل بە ئاستێکی بێ پێشینە لە مێژووی نوێی ئیسرائیل و فەڵەستین دا، دەستیان داوەتە کوشتن، بریندارکردن، برسیکردن و کۆچپێکردنی زۆرەملێی هاووڵاتییان، هاوکات ماڵ و ژێرخانی سڤیلیان وێران کردووە.
کۆمەڵکوژی لە غەززە
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی غەززە کە لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هێرشەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 69 هەزار فەڵەستینی، کە زیاتر لە 19 هەزاریان منداڵن.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، هەرچەندە لە تشرینی یەکەمی رابردوو بە نێوەندگیریی ئەمریکا ئاگربەستێک کرا و بارمتە ئیسرائیلییەکان و سەدان زیندانیی فەڵەستینی ئازاد کران، بەڵام "پێشێلکارییە گەورەکان و سیاسەتی چەوساندنەوەی فەڵەستینییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە هێشتا بەردەوامە."
ئادەم کووگڵ، جێگری بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، "ئەو سیستمە نێودەوڵەتییەی دوای جەنگی جیهانیی دووەم لەسەر بنەمای یاسا دامەزرا، لەنێوان کوشتار و وێرانکارییەکانی غەززەدا رووبەڕووی هێرش بووەتەوە. ئاگربەست کۆتایی بە تاوانەکانی ئیسرائیل نەهێناوە و پێویستە وڵاتان رێکاری بەپەلە بگرنەبەر."
برسیکردن وەک چەک
هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، "ئیسرائیل برسیکردنی وەک چەکێکی جەنگ بەکارهێناوە و بۆ ماوەی 11 هەفتە گەمارۆیەکی تەواوەتیی خستە سەر غەززە. لە مانگی ئابی رابردوودا پسپۆڕانی نێودەوڵەتی راپۆرتیان دا کە لە شاری غەززە و دەوروبەری برسێتیی تووند هەبووە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، سوپای ئیسرائیل تەقەی لەو کەسانە کردووە کە هەوڵیانداوە هاوکارییە مرۆییەکان بەدەستبهێنن."
رەوشی کەرتی رۆژئاوا
سەبارەت بە کەرتی رۆژئاوا، راپۆرتەکە دەڵێت، لە کانوونی دووەمی رابردوو ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی کردووە کە بووەتە هۆی چۆڵکردنی سێ کەمپی پەنابەران و کۆچپێکردنی زۆرەملێی 32 هەزار کەس، کە ئەمە بە گەورەترین پرۆسەی کۆچپێکردن دادەنرێت لە ساڵی 1967ەوە. هاوکات "تووندوتیژیی کۆچبەرە جووەکان دژی فەڵەستینییەکان لە ساڵی 2025دا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی 18 ساڵی رابردوودا."
داواکارییە نێودەوڵەتییەکان
رێکخراوەکە داوا لە حکومەتەکانی جیهان دەکات:
• هاوکارییە سەربازییەکان و ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل رابگرن.
• سزای تووند بخەنە سەر ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییانەی تێوەگلاون لە پێشێلکارییەکان.
• رێککەوتننامە بازرگانییەکان لەگەڵ ئیسرائیل رابگرن.
• پشتگیری لە فەرمانەکانی دەستگیرکردن بکەن کە لەلایەن دادگەی تاوانی نێودەوڵەتییەوە (ICC) دەرچوون.
راپۆرتی جیهانیی 2026ی هیومان رایتس وۆچ، لە 529 لاپەڕە پێکهاتووە و رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە زیاتر لە 100 وڵاتی جیهاندا دەخاتە روو.
فیلیپ بۆلۆپیۆن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوەکە هۆشداری دەدات لە تەشەنەسەندنی شەپۆلی دیکتاتۆری و هەڕەشەکانی ئیدارەی ترەمپ و هێزە جیهانییەکانی دیکە بۆسەر سیستمی مافەکانی مرۆڤ.