سێنتکۆم: زیاتر لە 2000 ئامانجمان لە ئێران پێکاوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا- سێنتکۆم وردەکاریی ئۆپەراسیۆنی (تووڕەیی داستانئاسا)ی خستەڕوو. کووپەر رایگەیاند، هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ماوەی 100 کاژێری رابردوودا گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازییان لە مێژووی هاوچەرخی ئەمریکادا کردووە.
رۆژی چوارشەممە 04-03-2026 فەرماندەی ناوەندیی ئەمریکا ئاشکرای کرد، زیاتر لە 50,000 سەرباز، 200 فڕۆکەی جەنگی و 2 کەشتیی فڕۆکەهەڵگر بەشدارن لەم ئۆپەراسیۆنەدا.
کووپەر گوتی: "ئەمە گەورەترین بڵاوکردنەوەی هێزە لەلایەن ئەمریکاوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست." بە گوتەی کووپەر، لە 24 کاژێری یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، قەبارەی هێرشەکان دوو هێندەی ئەو هێرشە مێژووییانە بووە، کە لە ساڵی 2003 کراونەتە سەر عێراق.
کووپەر ئاشکرای کرد: "لە ماوەی کەمتر لە 100 کاژێردا، زیاتر لە 2,000 ئامانجمان بە بەکارهێنانی زیاتر لە 2,000 مووشەک پێکاوە. بەرگریی ئاسمانیی ئێران لەکارخراوە، سەدان مووشەکی بالیستی، سەکۆی هاوێشتن و درۆنی ئێران لەناوبراون. 17 کەشتیی ئێرانی تێکشکێنراون، لەوانە ژێردەریاییە سەرەکییەکەی ئێران کە ئێستا بە تەواوەتی لەکارکەوتووە."
کووپەر جەختی کردەوە: "بۆ چەندین دەیە رژێمی ئێران بارزگانیی دەریایی هەراسان کردووە، بەڵام ئەمڕۆ هیچ کەشتییەکی ئێرانی لە دەریای عەرەب، گەرووی هورمز یان کەنداوی عومان لە رێگەدا نییە و هەموویان ناچارکراون بگەڕێنەوە ناو بەندەرەکانی خۆیان."
بە گوتەی کووپەر لە ماوەی جەنگەکەدا ئێران 500 مووشەکی بالیستی و زیاتر لە 2000 درۆنی لە هێرشەکانیدا بەکارهێناوە.
فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا گوتی: "ئەمریکا توانیویەتی درۆنە دیزاینکراوەکانی ئێران بباتە ئەمریکا و باشتریان بکات، پاشان راستەوخۆ بەکاریان بهێنێتەوە دژی خودی رژێمی ئێران." فەرماندەکە گوتیشی: "بە چەکی خۆیان وەڵامیان دەدەینەوە."
فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، ئامانجی سەرەکییان "تێکشکاندنی توانای هاوێشتنی بەردەوامی مووشەکە" و دڵنیابوونەوەیە لەوەی تاران چیدیکە نەتوانێت مووشەکی بالیستی لە دژی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەکاربهێنێت.
کووپەر گوتی: "ئێمە لە هەموو قۆناخێکی ئەم جەنگەدا پێش پلانی پێشبینیکراوی خۆمانین. سەربازەکانمان لە قووڵایی ئێران دا ئۆپەراسیۆن دەکەن و هێزی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل پێکەوە ئاسمانی تاران کۆنتڕۆڵ دەکەن."
لە کۆتایی کۆنگرەکەدا، ئەدمیراڵ براد کووپەر گوتی: "هەموو ئەوەی دەیکەین بۆ پاراستنی ژیانی ئەمریکییەکان و هاوپەیمانەکانمانە. ئەو پیاو و ژنانەی لە سوپای ئەمریکان، قارەمانن و دڵنیام کە بە یارمەتی خودا و بە هێزی ئەوان، ئێمە سەردەکەوین و ئامانجەکانمان بەدی دەهێنین."