کوێت ناڕازییە لە عێراق: گرووپە چەکدارەکانتان هێرشیان کردووەتە سەرمان

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی کوێت، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزی عێراقی لە وڵاتەکەی بانگهێشت کرد و یاداشتێکی ناڕەزایی پێدا و پێیڕاگەیاند، گرووپە چەکدارەکانی عێراق هێرشیان کردووەتە سەر خاکی کوێت.
 
چوارشەممە 4ی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی کوێت رایگەیاند، عەزیز رەحیم دەیحانی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بە وەکالەت، زەید شنشوول، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراقی لەو وڵاتە بانگهێشت کردووە و یاداشتێکی ناڕەزایی ئاراستە کردووە.
 
بەگوێرەی راگەیێنراوێکی وەزارەتی دەرەوەی کوێت، رادەستکردنی ئەو یاداشتە ناڕەزایەتییە بە بەرپرسە عێراقییەکە لەسەر ئەو بنەمایە بووە، کە گوایە 3ی ئادار گرووپە چەکدارەکانی عێراق هێرشیان کردووەتە سەر خاکی کوێت.
 
جێگری وەزیری دەرەوەی کوێت بە وەکالەت، سەرکۆنەی ئەو "پێشێلکارییە مەترسیدارانەی"ی کردووە، کە سەروەریی وڵاتەکەی پێشێل دەکەن و بە سەرپێچیی یاسای نێودەوڵەتی ناوی بردووە، کە زیانی گیانی لەنێو هاووڵاتییانی سڤیل و سەربازیی وڵاتەکەی لێکەوتووەتەوە.
 
ئەو بەرپرسەی کوێت رایگەیاندووە، بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر کوێت، بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی تاوانێکی دوژمنکارانەیە و بە گرنگی زانیوە عێراق رێوشوێنی کرداری بگرێتەبەر بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە.
 
لە دوای دەستپێکردنی جەنگ لە نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل، چەند جارێک لەلایەن ئێرانەوە بە درۆن و مووشەک هێرشکراوەتە سەر کوێت، بەو پاساوەی کە بنکەی سوپای ئەمریکای لێیە.