ئیسرائیل شەپۆلێکی فراوانی لە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل بەرەبەیانی چوارشەممە رایگەیاند، دەستیان بە "شەپۆلێکی بەرفراوانی هێرش" بۆ سەر چەندین ئامانجی جیاواز لە ناو خاکی ئێراندا کردووە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران چەندین گورزە مووشەکی ئاراستەی خاکی ئیسرائیل کرد.
بەپێی راگەیێندراوەکەی سوپای ئیسرائیل، ئامانجی ئەم شەپۆلە نوێیەی هێرشەکان بریتین لە "سەکۆکانی هاوێشتنی مووشەک، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی و ژێرخانە سەربازییەکانی دیکەی ئێران."
لە کاژێرەکانی رابردوودا، دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەندین ناوچەی جیاوازی ئیسرائیل بیسترا، لەو کاتەی سوپای ئەو وڵاتە خەریکی بەرپەرچدانەوە و تێکشکاندنی مووشەک و درۆنە ئێرانییەکان بوو.
پۆلیسی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گەورەی گیانی تۆمار نەکراوە، تەنیا لە تەلئەڤیڤ پارچەی تێکشکێنراوی مووشەک کەوتووەتە خوارەوە و بەو هۆیەوە ژنێک بە سووکی بریندار بووە.
ئەم پەرەسەندنە نوێیە تووندتربوونی جەنگی نێوان تاران و ئیسرائیلە کە لە رۆژی پێنجەمیدا، ناوچەکەی خستووەتە ناو بارودۆخێکی زۆر مەترسیدارەوە.