ئەمریکا رێگەی بە فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەکەی لە سعودیە دا وڵاتەکە جێبهێڵن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە نوێترین هۆشداریی گەشتیاریدا، مۆڵەتی بە فەرمانبەرانی ناپێویستی حکومەتی ئەمریکا و خێزانەکانیان دا کە خاکی سعودیە جێبهێڵن. ئەم بڕیارە بەهۆی ئەو مەترسییە ئەمنییە جدییانەوەیە کە لە ئەنجامی دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئیسرائیل، ئەمریکا و ئێران لە 28ـی شوباتەوە دروست بووە.
رۆژی چوارشەممە 04-03-2026 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند "لە دوای دەستپێکردنی کردەوە دووژمنکارانەکان، هەڕەشەی بەردەوامی هێرشی درۆنی و مووشەکی لەلایەن ئێرانەوە لە ئارادایە، ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی زۆری گەشتە بازرگانییەکان."
حکومەتی ئەمریکا رایگەیاندووە، توانای ئەوان بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی فریاگوزاری بە هاووڵاتییانی ئەمریکی لە سعودیە بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە، زۆر سنووردارە.
وەزارەتەکە هۆشداری دەدات لە بوونی مەترسیی تووندوتیژیی تیرۆریستی بەبێ هیچ هۆشدارییەکی پێشوەختە، کە دەکرێت شوێنە سیاسی، کولتووری، ئایینی، بازاڕەکان و هۆتێلەکان بکاتە ئامانج.
حوسییەکانی یەمەن لە رابردوودا بە درۆن و مووشەک شار و دامەزراوەکانی سعودیەیان کردووەتە ئامانج و "ئێستاش هەڕەشەی نوێ هەن، هەروەها پاشماوەی مووشەکە تێکشکێندراوەکان مەترسییەکی بەردەوامن."
حکومەتی ئەمریکا هۆشداری دەدات، رەنگە هاووڵاتییان بەهۆی کێشەی یاسایی، قەرزی ڤیزە، یان ناکۆکیی خێزانییەوە تووشی قەدەخەی چوونە دەرەوە [لە سعودیە] ببن، کە رەنگە چەندین ساڵ بخایەنێت.
ئەمریکا دەڵێ، هەر جۆرە پۆستێکی سۆشیاڵ میدیا یان چالاکییەکی ئۆنلاین کە بە "رەخنەگرتن" یان "بێڕێزی" بەرامبەر حکومەتی سعودیە و رێبەرانیان ببینرێت، دەکرێت ببێتە هۆی دەستگیرکردن و سزای زیندانیکردن تاوەکو 45 ساڵ.
وەزارەتی دەرەوە داوای لە ئەمریکییەکان کردووە کە:
- لە سیستەمی (STEP) ناوی خۆیان تۆمار بکەن.
- بەردەوام چاودێریی میدیا ناوخۆییەکان بکەن بۆ رووداوە کتوپڕەکان.
- پێش گەشتکردن، هەموو دەرمانە پزیشکییەکان بەپێی سیستمی کۆنتڕۆڵکراو تۆمار بکەن.
- پلانێکی فریاگوزارییان هەبێت کە پشت بە هاوکاریی حکومەتی ئەمریکا نەبەستێت.
- لە کاتی بوونی هەر گومانێک لەبارەی نێوەڕۆکی سۆشیاڵ میدیا، هەموو وێنە و کۆمێنتە "کێشەدارەکان" لە مۆبایل و کۆمپیوتەرەکانیان بسڕنەوە.