ئیسرائیل پردەکانی لوبنان دەڕووخێنێت


رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان چڕترکردنەوە و پردێکی ستراتیژی لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە تەقاندەوە. هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، سێ سەربازی ئاشتیپارێزی دیکە لە باشووری لوبنان بریندار بوون.
 
میدیای فەرمیی لوبنان بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل پردێکیان لە ناوچەی (سەحمەر) لە رۆژهەڵاتی لوبنان بۆردوومان کرد و بە تەواوی رووخاندیان. ئیسرائیل پێشتر هۆشداری دابوو کە ئەو پردانە دەکاتە ئامانج کە رێگەن بۆ گەیاندنی هاوکاریی سەربازی و چەک بۆ چەکدارانی حیزبوڵڵا.
 
هێزەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (UNIFIL) رایانگەیاند، بەهۆی تەقینەوەیەک لە یەکێک لە بنکەکانیان لە باشووری وڵاتەکە، 3 سەربازیان بریندار بوون کە دووانیان برینەکەیان سەختە. ئەمە سێیەمین رووداوی لەو شێوەیەیە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا. سوپای ئیسرائیل، حیزبوڵڵای تۆمەتبار کرد بەوەی مووشەکی ئاراستەی بنکەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە.
 
لە شارۆچکەی سەحمەریش، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، لە کاتی چوونە دەرەوەی نوێژخوێنان لە مزگەوت دوای نوێژی هەینی، ئیسرائیل بۆردوومانی ناوچەکەی کردووە و بەهۆیەوە 2 کەس کوژراون و 15ـی دیکەش بریندار بوون.
 
لە باشووری بەیرووت، ئیسرائیل چەندین هێرشی نوێی کردە سەر گەڕەکە شیعەنشینەکان و دەڵێت بنکە و ژێرخانی حیزبوڵڵای کردووەتە ئامانج. سەرەڕای دەنگی بۆردوومانەکان، کریستیانەکانی ناوچەی "شیاح" لە نزیک زاحیە، رێوڕەسمی "هەینیی پیرۆز"یان بەڕێوەبرد. کریستیانەکانی ناوچەکە دەڵێن، سەرەڕای جەنگ و مەترسییەکان، ئەوان سوورن لەسەر مانەوە لە وڵاتەکەیان و بەردەوامبوون لە ژیان.
 
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە لوبنان هۆشدارییەکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رەنگە ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە، زانکۆکانی ناو لوبنان بکەنە ئامانج، بە تایبەت زانکۆی ئەمریکی لە بەیرووت. ئەم هۆشدارییە دوای ئەوە دێت کە سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی کردبوو وەک وەڵامێک بۆ تێکدانی دوو زانکۆی ئێرانی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، هێرش دەکاتە سەر ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.