هێرشکرایە سەر 5 وڵاتی کەنداو و پاڵاوگەیەک، وێستگەیەکی ئاو و دامەزراوەیەکی گاز کرانە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
کوێت، ئیمارات، سعودیە، بەحرێن و قەتەر، رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی بوونەتەوە، لە کاتێکدا جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران چووە 35ـەمین رۆژییەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوە فەرمییەکانی ئەو وڵاتانە، هێرشەکان دامەزراوە گرنگەکانی ئەو وڵاتانەیان کردووەتە ئامانج، دیارترینیان پاڵاوگەیەکی نەوت و وێستگەیەکی کارەبا و شیرینکردنی ئاو لە کوێت. هەروەها دامەزراوەیەکی گاز لە ئیمارات.
هێرشکردنە سەر دامەزراوەی گاز و کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی مووشەکێکی بەرپەرچدراوە لە ناوچەی عەجبانی ئیمارات، بووە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی 15ـی دیکە.
کوێت
وەزارەتی بەرگریی کوێت رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا، رووبەڕووی 26 درۆن و 7 مووشەکی بالیستی و دوو مووشەکی کروز بوونەتەوە.
هەروەها لە راگەیێندراوی یەک لەدوای یەکدا، باسی لەوە کردووە وڵاتەکەیان لە بەرەبەیانی رۆژی هەینییەوە رووبەڕووی 4 هێرشی مووشەکی و درۆنی بووەتەوە.
مووشەکی کروز، چەکێکی وردی ئاراستەکراوە کە بە بزوێنەری ژێت کاردەکات و بە خێراییەکی جێگیر لەنێو بەرگەهەوادا دەفڕێت. هەروەک فڕۆکە، باڵەکانی بۆ فڕین بەکاردەهێنێت.
سەبارەت بە زیانەکانی هێرشەکان، دەزگای نەوتی کوێت رایگەیاند، دوای ئەوەی بە درۆن کرایە ئامانج، ئاگر لە یەکەکانی کارپێکردنی پاڵاوگەی مینا ئەحمەدی کەوتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی هەبێت.
دەزگاکە لە راگەیێندراوێکدا جەختی لەوە کردەوە، سیستەمەکانی چاودێریی ژینگە هیچ ئاستێکی نائاساییان لە کوالێتیی هەوادا تۆمار نەکردووە.
لە هێرشێکی دیکەدا، وەزارەتی کارەبا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، یەکێک لە وێستگەکانی کارەبا و شیرینکردنی ئاو رووبەڕووی "هێرشێکی تاوانکارانەی ئێران" بووەتەوە و زیانی ماددیی لێکەوتووەتەوە.
بەڵام بەگوێرەی تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران، سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشەی کرایە سەر دامەزراوە کوێتییەکە رەتکردەوە. ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە تۆمەتبار کرد بە مەبەستی خستنە ئەستۆی تاران و دروستکردنی ئاژاوە.
سعودیە
وەزارەتی بەرگریی سعودیە لە راگەیێندراوی یەک لەدوای یەکدا، ئاشکرایکرد، لە بەرەبەیانی رۆژی هەینییەوە، 14 درۆنیان خستووەتە خوارەوە و تێکشکاندوون.
ئیمارات
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، 18 مووشەکی بالیستی و 4 مووشەکی کروز و 47 درۆنیان بەرپەرچداوەتەوە کە لە ئێرانەوە هاتبوون.
روونیکردەوە، "لە سەرەتای دەستدرێژییە ئاشکراکانی ئێرانەوە، بەرگریی ئاسمانیی ئیمارات رووبەڕووی 475 مووشەکی بالیستی و 23 مووشەکی کروز و 2085 درۆن بووەتەوە."
هەروەها باسی لەوە کردووە، بەهۆی هێرشەکانەوە کوژراو و بریندار هەبوون، لەنێویاندا سەرباز و هاووڵاتیی مەدەنیی خەڵکی وڵاتانی جیاواز، جگە لە زیاتر لە 200 بریندار.
لە ئەبوزەبی، نووسینگەی راگەیاندن لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان مامەڵە لەگەڵ کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی مووشەک لە دامەزراوەی حەبشان بۆ گاز دەکەن. بووەتە هۆی دوو ئاگرکەوتنەوە و زیانێکی زۆر و راگرتنی کارەکان، جگە لە کوژرانی کەسێک و برینداربوونی 4ـی دیکە.
لە راگەیێندراوێکی دیکەدا نووسینگەکە رایگەیاند، لایەنە پەیوەندیدارەکان مامەڵە لەگەڵ رووداوێک دەکەن کە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی مووشەک لە ناوچەی عەجبان روویداوە. راشیگەیاند دوای "بەرپەرچدانەوەیەکی سەرکەوتووی بەرگریی ئاسمانی"، کە بووەتە هۆی برینداربوونی 6 کەسی نیپاڵی و 5ـی دیکەی هیندی.
قەتەر
وەزارەتی بەرگریی قەتەر لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، بە سەرکەوتوویی رووبەڕووی هێرشێکی ئێرانیان بە چەندین درۆن بوونەتەوە، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بخاتەڕوو.
بەحرێن
لە بەحرێن، وەزارەتی ناوخۆ لە زنجیرە راگەیێندراویدا بڵاویکردەوە، لە بەرەبەیانی رۆژی هەینییەوە 5 جار زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە و داوای لە دانیشتووان کردووە بچنە شوێنی ئارام.
هەروەها رایگەیاند، 188 مووشەک و 445 درۆنیان لە چوارچێوەی "دەستدرێژیی تاوانکارانەی ئێران" بۆ سەر شانشینەکە لە 28ی شوباتی رابردووەوە، خستووەتە خوارەوە و تێکشکاندوون.
لەو بەروارەوە، ئیسرائیل و ئەمریکا جەنگێکیان دژی ئێران دەستپێکردووە کە بووەتە هۆی کوژرانی سەدان کەس، دیارترینیان عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران و بەرپرسانی ئەمنی بوون. لە بەرامبەردا تاران بە مووشەک و درۆن وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە.
هەروەها ئێران دەڵێت "پێگە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا" لە وڵاتانی عەرەبی دەکاتە ئامانج، بەڵام هەندێک لە هێرشەکان بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوون و زیانیان بە دامەزراوە مەدەنییەکان گەیاندووە. ئەمەش لەلایەن ئەو وڵاتانەی کراونەتە ئامانج، سەرکۆنە کراوە و داوای راگرتنی کراوە.