گرووپێکی چەکداری عێراقی هەڕەشەی لێدان لە کێڵگە نەوتییەکانی وڵاتانی کەنداو دەکات
رووداو دیجیتاڵ
گرووپی "ئەسحابولکەهف" کە بەشێکە لە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، هەڕەشەی بەئامانجکردنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکانی وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتی کوێت دەکات، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ بۆردوومانکردنی دەروازە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران.
گرووپەکە لە راگەیێندراوێکدا کە درەنگی شەوی شەممە 4ی نیسانی 2026، بڵاویکردووەتەوە، لەژێر درووشمی تۆڵەکردنەوە "چاو بەرامبەر بە چاو" رایگەیاندووە، بۆردوومانکردنی دەروازە سنوورییەکان لەلایەن "فرۆکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل "بە هاوکاریی وڵاتانی کەنداو" بووەتە هۆی پەککەوتنی ژیانی خەڵک و گرانبوونی بژێوی.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئامانجەکانمان بەرژەوەندیی گەلانی کەنداو دەبێت بەهۆی سیاسەتی سەرکردەکانیانەوە. ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە ئەگەر ناچار بکرێین، وەڵاممان دەبێت و کێڵگە نەوتییەکانی وڵاتانی کەنداو و کوێت دەکەینە ئامانج." هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە کە "بەئامانجکردنی کێڵگە نەوتییەکانی عێراق لە پارێزگاکانی باکوور و کوێتەوە دەکرێت."
ئەم هەڕەشانەی گرووپە چەکدارەکان دوای ئەوە دێت، کە رۆژی شەممە نزیک دەروازەی شەلامچەی نێوان عێراق و ئێران لە دیوی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆردوومان کرا.
لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا گەشتیارێکی عێراقی کوژرا و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون. بۆردوومانەکە لە کاتێکدا بووە کە کاروانێکی کۆمەک و هاوکارییەکانی پەیڕەوانی مەزهەبی شیعە بەرەو ئێران لە رێگابوون.
دەروازەی سنووریی شەلامچە لە پارێزگای بەسرە، یەکێکە لە ستراتیژیترین و چالاکترین دەروازە بازرگانی و گەشتیارییەکانی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران.