راوێژکاری سەرۆکی ئیمارات: هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئیمارات لە دیمەشق پەیامی مەترسیداری تێدایە

 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری سەرۆکی ئیمارات رایدەگەیێنێت، هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە دیمەشق "پەیامی مەترسیداری تێدایە و پێویستی بە یەکلاکردنەوەیەکی روونە."
 
ئەنوەر قەرقاش، راوێژکاری سەرۆکی ئیمارات لە پلاتفۆرمی (X) نووسیویەتی، "هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکان نەک تەنیا پێشێلکردنی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بەڵکو نیشانەی بوونی کەلێنە لە ژینگەی ئەمنیی ئەو وڵاتانەی هێرشەکانیان تێدا دەکرێت."
 
قەرقاش ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەوەی "گرووپێکی بچووکی تووندڕۆ" دەیکات لە چوارچێوەی ئەجێندایەکی رەتکراوەدایە، لە کاتێکدا ئیمارات میوانداریی رەوەندێکی گەورەی سووریایی دەکات کە بە ئارامی و دڵنیاییەوە تێیدا دەژین و کار دەکەن.
 
رۆژی شەممە وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە بەیاننامەیەکدا سەرکۆنەی "کارە تێکدەرەکان و هەوڵی تێکدانی موڵک و ماڵی نێردە دیپلۆماسییەکەی و ماڵی سەرۆکی نێردەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا" کرد.
 
ئەم گرژییانە دوای ئەوە دێن کە ئاژانسی هەواڵی سووری (سانا) بڵاویکردەوە، پێش 2 رۆژ گردبوونەوەیەک لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئیمارات لە دیمەشق کراوە و تێیدا داوای ئازادکردنی سەرکردەیەک بە ناوی (عیسام بوەیدانی) کراوە کە گوایە لە ئیمارات دەستبەسەرە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات جەختی لەوە کردووەتەوە کە "سووکایەتیکردن بە رەمزە نیشتمانییەکانی وڵاتەکەی" قبووڵکراو نییە و داوای کردووە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکرێت و رێگری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی، هەروەها داوای سزادانی ئەنجامدەرانی کردووە.
 
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە بەیاننامەیەکدا هەموو جۆرە درووشم و کارێکی سووکایەتیکردن بە وڵاتان و رەمزەکانیانی رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەم رەفتارانە لەگەڵ پرەنسیپەکانی رێزگرتنی یەکدی ناگونجێن.
 
هەروەها جەختی کردەوە کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتننامە دیپلۆماسییەکان، پارێزگاری لە باڵیۆزخانە و بارەگا دیپلۆماسییەکان دەکەن.