حووسییەکان دەڵێن بە درۆن و مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن


رووداو دیجیتاڵ

بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن "حووسییەکان" رایگەیاند، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بن گۆریۆنیان لە تەلئەڤیڤ بە مووشەکێکی بالیستی و چەندین درۆن کردووەتە ئامانج.

یەحیا سەریع، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکان لە راگەیێندراوێکدا، رۆژی شەممە، 4ـی نیسانی 2026، رایگەیاند: "فڕۆکەخانەی لود لە ناوچەی یافا و چەندین ئامانجی سەربازی و گرنگی دیکەی ئیسرائیلمان لە باشووری فەڵەستین کردووەتە ئامانج."
 
یەحیا سەریع راشیگەیاند: "ئەمە پێنجەمین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بووە و تێیدا مووشەکێکی بالیستی و ژمارەیەک درۆن بەکارهێنراون."
 
گوتەبێژەکەی حووسییەکان ئاماژەی بەوەدا ئەم هێرشە "ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش بووە لەگەڵ سوپای پاسداران، ئەرتەشی ئێران و حیزبولڵای لوبنان و ئامانجەکانی بە سەرکەوتوویی پێکاوە."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، گوتەبێژی حووسییەکان دووپاتیکردەوە کە ئەوان لە چوارچێوەی "بەرەی موقاوەمە" بەردەوام دەبن لە هێرشە سەربازییەکانیان تاوەکو گەیشتن بە سەرکەوتنی کۆتایی.
 
لە 27ـی ئادار، حووسییەکان هۆشداریان دایە ئەمریکا و ئیسرائیل کە "پەنجەیان لەسەر پەلەپیتکەیە" بۆ دەستوەردانی راستەوخۆ، ئەگەر هەر هاوپەیمانییەکی نوێ دژی تاران پێکبهێنرێت یان دەریای سوور بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێت. رۆژی دواتر حووسییەکان یەکەم ئۆپەراسیۆنیان بە مووشەکی بالیستی بۆ سەر باشووری ئیسرائیل دەستپێکرد.
 
لە 28ی شوباتی رابردووەوە، هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و ئێرانیش دەستبەجێ وەڵامی دایەوە، جەنگەکە 37ەمین رۆژییەوە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.