یەکێتیی ئەورووپا داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ و تووندوتیژییەکانی سووریا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی ئەورووپا داوا لە دەسەڵاتدارانی سووریا دەکات، کۆتایی بە شەڕ و تووندوتیژییەکانی ناوخۆی سووریا بهێنن و رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرن، هەروەها داواش لە ئیسرائیل دەکەن، هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە رابگرێت و رێز لە "سەروەری"یەکەی بگرێت.
رۆژی شەممە، 04ـی ئاداری 2025، حەجە لەحبیب، کۆمیسیاری یەکێتیی ئەورووپا بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "لە زیادبوونی تووندوتیژییهكان له سووریا، نیگهرانم. داواكارم بە زووترین کات ئەو تووندوتیژیانە كۆتاییان پێبێت، داوا له ههموو لایهنهكان دهكهم رێز له یاسا نێودهوڵهتییه مرۆییهكان بگرن و پاراستنی ههموو هاوڵاتییان بێ جیاوازیی دابین بكهن، لهنێویاندا كارمهندانی بواری مرۆیی."
گرژییە تائیفییەکانی هەفتەی رابردوو کە لەنێوان هێزەکانی حکومەتی سووریا و چەکدارانی دروز لە گوندەوارەکانی شاری دیمەشق روویاندا، بووە هۆی کوژرانی 119 کەس، کە زۆربەیان دروز بوون.
ئیسرائیل ژمارەیەک هێرشی کردە سەر چەند ناوچەیەکی دیمەشق و لەوانە ناوچەیەکی نزیک کۆشکی سەرۆکایەتیی سووریا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش رایگەیاند، مەبەست لەو هێرشانە، پاراستنی گیانی دروزەکان بووە.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: "رێگە بە ناردنی هێز بۆ باشووری دیمەشق یان هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر خەڵکی دروز نادەین."
لەلایەکی دیکەوە، ئەنوەر عەنوونی، گوتەبێژی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رەخنەی لە بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سووریا گرت و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد رێز لە سەروەریی خاکی سووریا بگرن.
ئەو گوتەبێژە لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی هەفتانەیدا، لە برۆکسل، رایگەیاند: "یەکێتیی ئەورووپا داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات رێز لە یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی سووریا بگرن."