پۆلیسی ئیسرائیل دەڵێت مووشەکێکی حووسییەکان لە نزیک فڕۆکەخانەی بنگۆریۆن کەوتە خوارەوە

رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی ئیسرائیل دەڵێت، مووشەک یان پارچە مووشەکی حووسییەکانی یەمەن بەر شوێنێکی نزیک فڕۆکەخانەی بنگۆریۆن لە تەلئەڤیڤ کەوتووە. ئیسرائیل هەڕەشەی وەڵامدانەوە دەکات. 
 
سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند: "چەند جارێک هەوڵماندا بەرپەرچی مووشەکێک بدەینەوە کە لە یەمەنەوە هاوێژرابوو. شتێک لە ناوچەیەکی دەوروبەری فڕۆکەخانەی بنگۆریۆن کەوتەخوارەوە."
 
راگەیێندراوەکە روونی نەکردووەتەوە کە ئایا پێش بەرکەوتنی بە زەوی، مووشەکەکە لە لایەن سیستمی بەرگرییەوە تێکشکێندراوە یان نا. 
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت: "لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن."
 
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەی کردووە کە بە هێز وەڵامی هێرشە یەمەنییەکە دەدەنەوە. 

 

 
کاتس لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "هەر کەسێک لێمان بدات، حەوت هێندە بەهێزتر لێی دەدەینەوە."