سوپای لوبنان: حەماس گومانلێکراوێکی هێرشکردنە سەر ئیسرائیلی رادەست کردین
رووداو دیجیتاڵ
سوپای لوبنان بڵاویکردەوە، حەماس کەسێکی فەلەستینی رادەستکردن کە گوماندەکرێت بەشداری لە هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل کردبێت. ئەمە دوای ئەوە هات کە رۆژی هەینی رابردوو، ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی لوبنان هەڕەشەی گرتنەبەری "تووندترین رێکاری" دژی ئەو گرووپە کرد لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئیسرائیل.
رۆژی یەکشەممە، 4ی ئایاری 2025، سوپای لوبنان بڵاویکردەوە، حەماس لە کەمپی عەین حەلوە کەسێکی رادەستکردن کە گومان دەکرێت بەشداری لە هێرشێکی مووشەکی لە باشووری لوبنانەوە بۆ سەر ئیسرائیل کردبێت. عەین حەلوە کەوتووەتە شاری سەیدا لە باشووری لوبنان و گەورەترین کەمپی ئاوارە فەلەستینییەکانە لەو وڵاتە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای لوبنان، رۆژانی 22 و 28ی ئادار گومانلێکراوەکە بەشداری هێرشەکانی کردووە. ئەو کات ئیسرائیل بە بۆردوومانکردنی باشووری بەیرووت و لوبنان وەڵامی هێرشەکانی دایەوە.
سوپای لوبنان لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوەش کرد، رادەستکردنی ئەو گومانلێکراوە لەسەر بنەمای ئەو "ئاگادارکردنەوەیە بوو کە بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای بەرگری و حکومەتی لوبنان هۆشداریدرا لە دژی بەکارهێنانی خاکی لوبنان بۆ هەر کارێک کە مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی لوبنان دروستبکات".
تاوەکو ئێستا، بزووتنەوەی حەماس لەم بارەوە هیچی بڵاو نەکردووەتەوە.
رۆژی 2ی ئایاری 2025 ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی لوبنان بە سەرۆکایەتیی جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان کۆبووەوە.
ئەنجوومەنەکە دوای کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتبوو، "رێگە بە حەماس و گرووپەکانی دیکە نادرێت سەقامگیریی نیشتمانی بخەنە مەترسییەوە." دەشڵێت، "سەلامەتیی لوبنان لە سەروو هەموو شتێکەوەیە."
لە راگەیێندراوەکەیدا ئەنجوومەنەکە گوتیشی، "تووندترین رێکار بۆ کۆتاییهێنان بە هەر پێشێلکارییەک دەگرینەبەر کە سەروەریی لوبنان بخاتە مەترسییەوە."
ئەو راگەیێندراوەی ئەنجوومەنەکەی لوبنان دوای ئەوە هات کە رۆژی 20ی نیسانی 2025 سوپای لوبنان بڵاویکردەوە، لە شاری سەیدای وڵاتەکە ژمارەیەک هاووڵاتیی دەستگیر کردووە کە پلانیان بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل دانابوو. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کەسانە پەیوەندییان بە هەمان ئەو گرووپەوە هەبوو کە هەفتەی رابردوو بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل دەستگیر کران.
16ی هەمان مانگ، سوپای لوبنان ژمارەیەک هاووڵاتی، کە بەشێکیان فەلەستینی بوون، بە تۆمەتی هێرشی مووشەکی لە لوبنانەوە بۆسەر ئیسرائیل دەستگیر کرد.
تشرینی یەکەمی 2023 جەنگی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکرد. دواتر، حیزبوڵـڵاش دەستی بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل کرد. تەلئەڤیڤیش دەستی بە وەڵامدانەوەی هەردووکیان لە غەززە و لوبنان کرد. تشرینی دووەمی 2024، حیزبوڵـڵا و ئیسرائیل ئاگربەستیان راگەیاند، بەڵام لە مانگی ئاداری ئەم ساڵەوە ئیسرائیل ناوە ناوە هێرش دەکاتە سەر لوبنان.