سوپای پاسداران: هەر کەشتییەک پابەندی رێنوێنییەکانمان نەبێت بە هێز رایدەگرین
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران پەیامێکی تووندی ئاراستەی کۆمپانیا کەشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان کرد و رایگەیاند، هیچ گۆڕانکارییەک لە شێوازی بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمزدا نەکراوە و تەنیا ئەو کەشتییانە دەتوانن بە ئاشتییانە تێبپەڕن کە هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ هێزی دەریایی سوپای پاسداران دا دەکەن.
حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئاسایش و سەلامەتی تەنیا بۆ ئەو کەشتییە مەدەنی و بازرگانییانە دەستەبەر دەکرێت کە بەپێی "پرۆتۆکۆلە ترانزێتییەکانی سوپا" و لەو رێڕەوانەی بۆیان دیاریکراوە هاتووچۆ دەکەن.
هەروەها هۆشدارییەکی تووندی دا و گوتی: "هەر جووڵەیەکی دەریایی کە پێچەوانەی بنەما راگەیێندراوەکانی ئێمە بێت، رووبەڕووی مەترسیی جیدی دەبێتەوە و کەشتییە سەرپێچیکارەکان بە هێز و دەسەڵاتی تەواوەوە رادەگیردرێن."
گوتەبێژەکەی سوپای پاسداران داوای لە سەرجەم کۆمپانیا کەشتیوانی و دەستەبەرکەرەکان کرد، بە وردی سەرنج بدەنە راگەیێندراوەکانی سوپای پاسداران بۆ ئەوەی تووشی کێشە نەبن.
ئێستا دۆخی تەنگەی هورمز لەوپەڕی هەستیاریدایە و چەندین گۆڕانکاریی نوێ هاتوونەتە ئاراوە. گرژییەکان گەیشتوونەتە بەرزترین ئاست دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە فەرمی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "پرۆژەی ئازادی"ـی راگەیاند. ئامانجی ئەم پرۆژەیە ئەوەیە کە هێزی دەریایی ئەمریکا راستەوخۆ رێنوێنی و پاسەوانیی ئەو کەشتییە بازرگانییانە بکات کە لە گەرووی هورمزدا گیریان خواردووە.
پاش کاژێرێک لە بڕیارەکەی ئەمریکا، عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای ئێران هۆشدارییەکی "جەنگی" دا و رایگەیاند:"هەر هێزێکی ئەمریکی هەوڵی چوونە نێو گەرووی هورمز بدات، دەکرێتە ئامانج."
سوپای پاسداران رایگەیاندووە کە ئەم هەنگاوەی ئەمریکا بە "پێشێلکردنی ئاگربەست" دادەنێن و هۆشدارییان داوە بە کەشتییە بازرگانییەکان کە بەبێ هاوئاهەنگیی تاران نەجووڵێنەوە، ئەگەرنا تووشی مەترسی دەبن.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستانیش باسی لەوە کرد، ئەمریکا 22 دەریاوانی کەشتییەکی ئێرانیی دەستبەسەرداگیراوی گواستووەتەوە بۆ پاکستان وەک هەوڵێک بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، بەڵام تاران هێشتا سوورە لەسەر هەڵوێستەکەی.