حیزبوڵڵا داوا دەکات باڵیۆزی ئەمریکا لە لوبنان وەک "کەسێکی نەخوازراو" بناسێندرێت
رووداو دیجیتاڵ
حیزبوڵڵای لوبنانی داوای لە دەسەڵاتدارانی لوبنان کرد میشێل عیسا، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەیروت وەک "کەسێکی نەخوازراو" بناسێنن؛ ئەمەش دوای ئەوەی باڵیۆز پێشنیازی کرد، ئەو کەسانەی سووکایەتییان بە سەرکردەیەکی ئایینی کریستیان کردوە، وڵاتەکە جێبهێڵن.
رۆژی دووشەممە، 4ی ئایاری 2026، کێشەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە کەناڵی LBCI لوبنانی ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا سەرکردە و چەکدارانی حیزبوڵڵای وەک کارەکتەرەکانی یاری "Angry Birds" نیشان دابوو. ئەم ڤیدیۆیە کاردانەوەی تووندی لایەنگرانی حیزبوڵڵای لێکەوتەوە و بە "سوکایەتیکردن" بە نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی گرووپەکەیان ناویان برد.
لە وەڵامی ئەمەدا، هەندێک لە لایەنگرانی حیزبوڵڵا وێنەی سوکایەتیکردنیان بە پاتریاک بەشاری راعی، سەرۆکی مەزهەبی مارۆنییەکان بڵاوکردەوە، کە ئەمەش سەرکۆنەیەکی بەرفراوانی لە ناوخۆی لوبناندا لێکەوتەوە.
میشێل عیسا، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەیروت دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پاتریاک راعی رایگەیاند، سەردانەکەی بۆ پشتیوانیکردنی پاتریاک و دەربڕینی ناڕەزایەتییە بەرامبەر ئەو رووداوانە. باڵیۆز گوتی: "ئەم رەفتارانە بۆ لوبنان ناگونجێن. پێموایە ئەو کەسانەی ئەم کارەیان کردووە، لوبنان بۆ ژیانی ئەوان گونجاو نییە، با بەدوای وڵاتێکی دیکەدا بگەڕێن بۆ ژیان."
لە بەرامبەردا، عەلی عەمار، پەرلەمانتاری حیزبوڵڵا لە راگەیێندراوێکدا لێدوانەکانی باڵیۆزی ئەمریکای بە "دەستوەردانی زەق لە کاروباری ناوخۆی لوبنان" وەسف کرد و وتی: "سادەترین رێکار کە بەرامبەری بگیرێتە بەر ئەوەیە وەک کەسێکی نەخوازراو بناسێندرێت."
سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی لوبنان، لەوانە جۆزێف عەون، سەرۆککۆمار و نەبیهـ بەری، سەرۆکی پەرلەمان، هێرشکردنە سەر پیاوانی ئایینییان سەرکۆنە کرد و کەناڵی LBCI ڤیدیۆکەی سڕییەوە، بەڵام ئەم رووداوە نیشانەی قوڵبوونەوەی زیاتری لێکترازانی ناوخۆیی لوبنانە.
ئەم گرژییە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە لوبنان لە ژێر گوشارێکی زۆری جەنگدایە؛ لەوەتەی دەسپێکی ململانێکان لەگەڵ ئیسرائیل، نزیکەی دوو هەزار و 700 کەس کوژراون و زیاتر لە ملیۆنێک کەسیش ئاوارە بوون. حیزبوڵڵا تۆمەتبار دەکرێت بەوەی وڵاتەکەی بۆ بەرژەوەندیی تاران پەلکێشی ناو جەنگ کردووە.