عومان: بەئامانجگرتنی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون برینداری لێکەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە عومان رایگەیاند، باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون کە فەرمانبەرانی یەکێک لە کۆمپانیاکانی تێدا نیشتەجێ بووە، لە ناوچەی تێبات لە پارێزگەی بوخا کراوەتە ئامانج. بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی عومان، بەهۆی هێرشەکەوە دوو هاووڵاتیی بیانی بە سووکی بریندار بوون، هەروەها چوار ئۆتۆمبێل و شووشەی ماڵەکانی دەوروبەریش زیانیان بەرکەوتووە.
دەسەڵاتدارانی عومان رایانگەیاند، لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی پارێزگای بوخا بەردەوامە و هەموو رێکارێک دەگرنەبەر بۆ پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییان و دانیشتووانی وڵاتەکەیان.
ئەم هێرشە بۆ سەر خاکی عومان لە کاتێکدایە، وەزارەتی بەرگریی ئیماراتیش رایگەیاند، رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێران بووەتەوە. وەزارەتەکە رایگەیاند، چوار مووشەکی کرووز لە لایەن ئێرانەوە ئاراستەی ناوچە جیاجیاکانی ئیمارات کراون؛ سێیان لە ناو سنوورە ئاوییەکاندا تێکشکێندران و یەکێکیشیان لە دەریا کەوتووەتە خوارەوە.
هاوکات لە میرنشینی فوجەیرە، هێرشێکی درۆنی بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە دامەزراوەیەکی وزە. نووسینگەی میدیایی فوجەیرە رایگەیاند، لەو هێرشەدا سێ هاووڵاتیی هیندی بریندار بوون و گواستراونەتەوە نەخۆشخانە.
ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە دێن، هێزی دەریایی ئەمریکا رایگەیاند، چەند کەشتییەکی تێکشکێنەری جەنگی بە ناو تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون؛ ئەمەش وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنی (پڕۆژەی ئازادی) کە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە بۆ هاوکاریکردنی ئەو کەشتییە بازرگانییانەی لە کەنداو گیریان خواردووە.
تاران لای خۆیەوە رایگەیاندووە، هێزی دەریایی وڵاتەکەی بە مووشەکی کرووز و درۆن کەشتییە ئەمریکییەکانیان ئاگادار کردووەتەوە، چونکە هۆشدارییەکانی ئێرانیان پشتگوێ خستووە. ئەمە لە کاتێکدایە لە 8ـی نیسانەوە ئاگربەستێکی ناسک لە نێوان ئەمریکا و ئێران هەیە، بەڵام ململانێکان هێشتا بەبێ چارەسەر ماونەتەوە.
بەهۆی ئەم پەرەسەندنە سەربازییانەوە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بازدانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی. نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە رێژەی زیاتر لە 5٪ زیادی کرد و گەیشتە 114.14 دۆلار.