سێنتکۆم: شەش بەلەمی ئێرانیمان نوقم کرد
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئەمریکا رایگەیاند، هێلیکۆپتەرە سەربازییەکانیان شەش بەلەمی بچووکی ئێرانییان لە تەنگەی هورمز ژێرئاو خستووە، کە کەشتییە سڤیلەکانیان کردبووە ئامانج. ئەم پێشهاتە نوێیە بە گەورەترین تاقیکردنەوە بۆ ئەو ئاگربەستە دادەندرێت کە لە 8ـی نیسانەوە لە نێوان تاران و واشنتن راگەیێندراوە.
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، ئێران چەندین مووشەکی کرووز، درۆن و بەلەمی بچووکی ئاراستەی ئەو کەشتییانە کردووە کە هێزەکانی ئەمریکا دەیانپارێزن. کووپەر رایگەیاند، "هەموو ئەو هەڕەشانە" تێکشێندراون و هیچ زیانێکیان بە کەشتییە پارێزراوەکان نەگەیاندووە.
تەلەفیزیۆنی ئێران هێرشی سەر شەش بەلەمەکەی رەتکردەوە و گوتی هەواڵەکە "درۆیە."
هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ناو رێڕۆ ئاوییەکە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بازدانی گەورەی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش دوای ئەوەی هێرشێکی درۆنی بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە دامەزراوەیەکی وزەی میرنشینی (فوجەیرە) لە ئیمارات. وەزارەتی بەرگریی ئیماراتیش رایگەیاند، هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئێران خاکی وڵاتەکەیان کردووەتە ئامانج و هێزەکانیان سەرقاڵی بەرپەرچدانەوەیانن.
دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی (پڕۆژەی ئازادی) راگەیاند، بە مەبەستی هێنانە دەرەوەی ئەو کەشتییە بازرگانییانەی لە کەنداو گیریان خواردووە.
لێکەوتە ئابوورییەکانی ئەم ئاڵۆزییانە خێرا بوون؛ نرخی نەوتی برێنت بۆ گرێبەستەکانی مانگی تەمووز زیاتر لە 5٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 114.14 دۆلاربۆ هەر بەرمیلێک. هەرچەندە ئاگربەستی دوو هەفتەیی پێشتر درێژکراوەتەوە، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی داخستنی تەنگەی هورمز لە لایەن ئێران و گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە، دۆخەکە هێشتا بە ناڕوونی ماوەتەوە.
جەنگی ئێران کە لە 28ـی شوباتەوە دەستیپێکردووە، گەورەترین شڵەژانی لە دابینکردنی وزەی جیهانی دروستکردووە. لە کاتێکدا واشنتن دەیەوێت لە رێگەی گەمارۆوە تاران ناچاری سازش بکات لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی، ئێران بە بەکارهێنانی کارتی تەنگەی هورمز گوشارەکانی چڕتر کردووەتەوە، کە ئەمەش ترسی لای وەبەرهێنەران دروستکردووە کە جەنگەکە بۆ ماوەیەکی درێژتر بخایەنێت.