هێرشەکانی ئیسرائیل شوێنی سەلامەتی لە غەززە نەهێشتووە؛ 'چوارەم جارە ئاوارە دەبم'

رووداو دیجیتاڵ

لە شاری خان یوونسی باشووری غەززە، ئاوارەکان جگە لە برسییەتی بەردەوام، جارێکی دیکە ئاوارە دەبنەوە.  
 
خالید داود، ئاوارەی غەززەیە و باس لەوە دەکات، "ئەمە چوارەم جارە ئاوارە دەبم و بەرەو مەواسی دەڕۆین".
 
عومەر حسێنم ئاوارەیەکی دیکەیە و دەڵێت، "ئەمە سێیەم جارە ئاوارە دەبم و دەچینە ناوچەی مەواسی، شوێنێكی دیکەمان نییە بۆی بچین".
 
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، 80٪ـی کەرتی غەززەی بە ناوچەیەکی سەربازی و نا سەلامەت پۆلێنکردووە؛ بۆیە لە حەوتی ئۆکتۆبەری 2023ـوە، سوپای ئیسرائیل نزیکەی 300 فەرمانی چۆڵکردنی بۆ ناوچە جیاجیاکانی غەززەی دەرکردووە.
 
میلاد محەمەد، ئاوارەی غەززەیە و باس لە ئاوارەبوونەکانی دەکات و دەڵێت، "ئەمە 14ـەمین جارە ئاوارە دەبمەوە. لە بەیانییەوە دەسووڕێمە شوێنێک نییە لێی دڵنیابین بۆ مانەوە، هەموو شوێنێک بە گوتەی ئیسرائیل، جێی گومان و مەترسییە".
 
بە گوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەر 10 غەززەییەک نۆیان ئاوارەن؛ ئەو یەکەش کە ماوە، دەستەبژێرێکی داماوە، بەر دوایین فەرمانی چۆڵکردن کەوتووە.
 
رێکخراوە ناحکومەییەکان دەڵێن، هەڵکردنی ئاڵای سپی لەلایەن غەززەییەکان یان بەرزڕاگرتنی مەنجەڵەکان بۆ ژەمێك خواردن، بە زۆر ئاوارە و برسیکردنی غەززەییەکان، ئامرازێکن، ئیسرائیل وەکو چەک بەکاریان دەهێنێت. 
 
بەرنامەی خۆراکی جیهانی دەڵێت 100٪ـی دانیشتوانی کەرتەکە، برسین.
 
ئێستا تەکیەی کۆمەکبەخشان، رۆڵی وەزارەتی بازرگانی دەگێڕن، هەر تەکیەیەک رۆژانە دوو هەزار غەززەیی نیمچە تێر دەکات تاوەکو لە هۆشخۆیان نەچن.