نەتەنیاهوو: سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا سەرکردەیەکی لاوازە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هاوتا بەلجیکییەکەی بە "سەرکردەیەکی لاواز" ناودەبات و سەرکۆنەی بڕیارەکەی بۆ ناساندنی فەلەستین وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ کرد.
 
رۆژی چوارشەممە 3ـی ئەیلوولی 2025، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "سه‌رۆکوه‌زیرانی به‌لجیکا سه‌رکرده‌یه‌کی لاوازه‌ کە هەوڵدەدات بە کردنە قوربانی ئیسرائیل، تیرۆری ئیسلامی رووسپیبکاتەوە."
 
رۆژی سێشەممە، بەلجیکا وەکو دوایین وڵاتی رۆژئاوا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم مانگە، فەلەستین وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەناسێنن. 
 
ماکسیم پرێڤۆت، وەزیری دەرەوەی بەلجیکا لە تۆڕی ئێکس رایگه‌یاند ئه‌م بڕیاره‌ "به‌هۆی کاره‌ساتی مرۆیی له‌ غه‌ززه‌ هاتووه‌" و گوتی، "سزای تووند به‌سه‌ر حکومه‌تی ئیسرائیلدا ده‌سه‌پێندرێت."
 
بیزالێل سمۆتریچ، وه‌زیری دارایی ئیسرائیل، رۆژی چوارشه‌ممه‌ داوای لکاندنی به‌شێک له‌ کەرتی رۆژئاوای فەلەستینی بە ئیسرائیل کرد، ئەوەش وەک هەنگاوێک بەرامبەر ئەو وڵاتانەی فەلەستین وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەناسێنن. 
 
ئەم مانگە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر پرسی فەلەستین دەکرێت و پێشبینی دەکرێت هەریەکە لە فەرەنسا، بەریتانیا، کەنەدا، ئوسترالیا و بەلجیکا لەوێدا دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێن. 
 
سەرەڕای گوشارە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی سەر حکومەت، ئیسرائیل له‌م دواییانه‌دا ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی چڕتر کردووه‌ته‌وه‌ و دەیەوێت شاری غەززە بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵ بکات کە نەتەوە یەکگرتووەکان قاتوقوڕی لێڕاگەیاندووە. 
 
لانیکەم 142 وڵات لە کۆی 193 وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێستا دان بەو دەوڵەتی فەلەستینەدا دەنێن کە لە ساڵی 1988 لەلایەن سەرکردایەتیی فەلەستینییەوە لە دەرەوەی وڵات راگەیێندرا.
 
لە ساڵی 1947، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری دا فەلەستین دابەش بکات، کە ئەوکات لەژێر داگیرکاریی بەریتانیادا بوو، بۆ دوو دەوڵەتی سەربەخۆ؛ یەکێکیان جوو (ئیسرائیل) و ئەوی دیکەیان عەرەب (فەلەستین). ساڵی دواتر، دەوڵەتی ئیسرائیل راگەیێندرا.
 
بۆ ماوەی چەندین دەیە، زۆرینەی رەهای وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیرییان لە بیرۆکەی چارەسەری دوو دەوڵەت کردووە، کە تێیدا ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان بە ئاشتی و ئاسایش لەتەنیشت یەکدییەوە بژین.
 
بەڵام دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە و داگیرکردنی زیاتری کەرتی رۆژئاوا لەلایەن ئیسرائیلەوە و راگەیاندنی پلان لەلایەن بەرپرسانی ئیسرائیلییەوە بۆ لکاندنی خاکەکە، مەترسیی ئەوە هەیە کە دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی لەڕووی جوگرافییەوە ئەستەم بێت.