مەسرور بارزانی گەیشتە ئیمارات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئیمارات و بڕیار وایە ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئەنجام بدات.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ـی کانوونی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات و لەلایەن سەعید هاجری وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات پێشوازی لێکرا.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە سەردانەکەیدا کە چەند رۆژێک دەخایەنێت، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیمارات پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ دەکات .
ئێوارەی ئەمڕۆ و پاش گەیشتنی بە ئەبووزەبی، لەگەڵ شێخ سەیف بن زاید ئال نەهیان جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆی ئیمارات کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لە گرنگیی برەودانی زیاتر بە پەیوەندیی دۆستانە و هاریکاری و هاوئاهەنگی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات لە بوارە جیاوازەکاندا کردووەتەوە.