وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران گەڕی پێنجەمی گفتوگۆکانی تاران و ریاز تاوتوێدەکەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران دۆخی ناوچەکە و ئەگەری بەڕێوەچوونی گەڕی پێنجەمی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و سعودیەیان لە بەغدا تاوتوێکرد، وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، سەقامگیریی ناوچەکە سەقامگیری عێراقە و ئامادەی خستنەگەڕی تەواوی هەوڵەکانە بۆ کۆتاییهێنان بە تووندتیژییەکانی ناوچەکە.
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، رۆژی هەینی 4-2-2022 حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بە تەلەفۆن پەیوەندی بە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقەوە کرد، هەردوولا گفتوگۆیان کرد لەبارەی کۆمەڵێک بابەتی هەستیار و گرنگ لە ناوچەکەدا. وەزیری دەرەوەی ئێران پوختەیەکی خستەڕوو لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی دانوستاندنەکانی ڤیەننا لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمی و گوتی، هەنگاوی ئەرێنی نراون.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزیری دەرەوەی عێراق خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە بۆ بەردەوامی پرۆسەی دانوستاندنەکان و هیوای خواست بگەنە رێککەوتنێکی ئەرێنی کە لە بەرژەوەندیی ناوچەکە و سەقامگیری و ئاشتی جیهاندا بێت.
هەردوو وەزیرانی دەرەوە باسیان لە دۆخی ئاسایشی کەنداو و دۆخی یەمەن کردووە. فوئاد حوسێن رایگەیاند، سەقامگیریی ناوچەکە سەقامگیریی عێراقە و گوتیشی، ئامادەن هەموو تواناکانیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە تووندوتیژییەکان بوەستێنن.
هەر لەوپەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، وەزیری دەرەوەی ئیران باسی پەیوەندیی دوو قۆڵی نێوان سعودیە و ئێران و باشبوونی لە چەند بوارێکی دیاریکراودا کردووە. هەردوولا رایانگەیاند پێویستە گفتوگۆکان بەردەوامبن. تاوەکو ئێستا چوار گەڕی ئەو گفتوگۆیانە بەرێوەچووە و لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەشدا گفتوگۆکرا لەبارەی شێوازی دەستپێکردنی گەڕی پێنجەمی دانوستاندنەکان.
لە بواری پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیش، هەردوو وەزیر باسیان لە پرسە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد و رێککەوتن بەم نزیکانە لە تاران کۆببنەوە.