کاردانەوەی وڵاتان لەبارەی پێشنیازی ترەمپ بۆ چۆڵکردنی غەززە
رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە سەرکردەکانی جیهان ناڕەزایی خۆیان لەبەرامبەر ئەو قسەیەی سەرۆکی ئەمریکا دەربڕی کە گوتی، ئەو دەیەوێت کۆنترۆڵی غەززە بکات و فەلەستینییەکان بۆ وڵاتانی دیکە رابگوازێت.
ترەمپ گوتی: "دەست بەسەر ئەو پارچەیەدا دەگرین و پەرەی پێدەدەین؛ هەزاران هەزار هەلی کار دەڕەخسێنین. ئەوێ دەبێتە شتێك کە هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر شانازی پێوە دەکات."
قسەکەی ترەمپ کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە
حەماس: بەنزین بە ئاگرەکە دادەکات
بزووتنەوەی حەماس کە لە 2007ـەوە کەرتی غەززە بەڕێوەدەبات و لەگەڵ ئیسرائیل لە جەنگدا بوو رایگەیاند: "ئەو پێشنیازە بەنزین بە ئاگرەکە دادەکات."
حەماس راشیگەیاند: "گەلی فەلەستینی ئێمە رێگە بە هیچ دەوڵەتێکی جیهان نادات خاکمان داگیربکات یان پاسەوانیمان بەسەردا بسەپێنێت، گەلی ئێمە رووبارێک لە خوێنیان پێشکێشکرد بۆ ئەوەی خاکمان ئازاد بکات و لە دەستی داگیرکار دەریبهێنێت، هەروەها بۆ ئەوەی دەوڵەتی خۆمان دابمەزرێت کە قودس پایتەختەکەی بێت."
دەسەڵاتی فەلەستین: سازش ناکرێت
مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین لە دژی پێشنیازەکە وەستایەوە و و گوتی: "سەرکردایەتیی فەلەستین بە تووندی کۆنتڕۆڵکردنی کەرتی غەززە و ئاوارەکردنی خەڵکەکەی لە نیشتمانی خۆیان، رەتدەکاتەوە."
مەحموود عەباسی گوتیشی: "هیچ سازشێک لەسەر مافی رەوای فەلەستینییەکان ناکرێت."
ئیسرائیل: بیرۆکەی دەوڵەتی فەلەستین لەگۆڕ دەنێت
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە تەنیشت ترەمپەوە بوو لە کۆشکی سپی کاتێک بۆ یەکەمجار ئەو قسەیە لە دەمی ترەمپەوە هاتە دەر. نەتەنیاهوو گوتی: "شایانی ئەوەیە سەرنج بخرێتە سەر ئەو بیرۆکەیە. کۆنتڕۆڵکردنی غەززە لەلایەن ئەمریکاوە لەوانەیە مێژوو بگۆڕێت."
بێزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل کە راستڕۆی تووندڕۆیە گوتی: "ئەمە بێگومان بیرۆکەی ترسناکی دەوڵەتی فەلەستین لەگۆڕ دەنێت."
نەتەوە یەکگرتووەکان: قورسە لەسەر ئەو پرسە هەستیارە لێدوان بدرێت
فلیپۆ گراندی، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران رایگەیاند: "ئەمە تاسێنەر بوو، تاوەکو ئیستا روون نییە ئەو بیرۆکەیە چ شتێک لەخۆ دەگرێت. قورسە لەسەر ئەو پرسە هەستیارە لێدوان بدرێت."
ڤۆڵکەر تورک، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ گوتی، دیپۆرتکردنەوەی خەڵک لە "خاکی داگیرکراو" بە تەواوی رێگەپێنەدراوە. "مافی چارەی خۆنووسین بنەمایەکی سەرەکیی یاسای نێودەوڵەتییە و پێویستە لەلایەن هەموو وڵاتانەوە پارێزگاریی لێبکرێت."
چین: راگواستنی زۆرەملێیە
چین رایگەیاند ئەمە "راگواستنی زۆرەملێ"ـی خەڵکی فەلەستینە لە کەرتی غەززە. لین جیان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانی پرسیاری ئەو پێشنیازەی ترەمپی لێکرا و گوتی: "چین هەمیشە گوتوویەتی حوکمی فەلەستنییەکان بەسەر فەلەستینەوە بنەمای سەرەکیی بەڕێوەبردنی غەززەی دوای جەنگە."
فەرەنسا: تاکە چارەسەر دوو دەوڵەتییە
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، نابێت غەززە لەلایەن "لایەنی سێیەمەوە" کۆنتڕۆڵ بکرێت. "فەرەنسا لە هەڵمەتی هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەتی بەردەوام دەبێت، ئەمە تاکە چارەسەرە کە بتوانێت گەرەنتیی ئاشتیی درێژخایەن و ئاسایش بۆ فەلەستینی و ئیسرائیلییەکان بکات."
تورکیا: تەنانەت باسکردنیشی هەڵەیە
تورکیا قسەکانی ترەمپی بە "قبووڵنەکراو" وەسفکرد. هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی گوت، راگواستنی خەڵکی فەلەستین لە غەززە شتێکە، "نە ئێمە قبووڵی دەکەین نە ناوچەکە. تەنانەت باسکردنیشی هەڵەیە."
میسر: دەسەڵاتی فەلەستین غەززە بەڕێوەببات
میسر پشتیوانییەکی زۆری بۆ دەسەڵاتی فەلەستین و سەرۆکەکەی دەربڕی، داواشیکرد دەسەڵاتی فەلەستین غەززە بەڕێوەببات.
بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر داوای دووبارە بنیاتنانەوەی غەززەی کرد، بەڵام بەبێ ئەوەی فەلەستینییەکان ئاوارە بکرێن.
لە کۆبوونەوەیەکی وەزیری دەرەوەی میسر لەگەڵ محەممەد مستەفا، سەرۆکوەزیرانی دەسەڵاتی فەلەستین لە قاهیرە، هاوڕابوون لەسەر "گرنگیی بەرەوپێشچوون لەسەر پڕۆژەکانی بووژانەوە بە خێرایی."
بەریتانیا: دەبێت خەڵکی غەززە بگەڕێنەوە ماڵەکانیان
کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی: "دەبێت ئەوان رێگەیان پێبدرێت بگەڕێنەوە ماڵەکانیان، دەبێت رێگەیان پێبدرێت ئاوەدانی بکەنەوە. دەبێت ئێمەش لە قۆناخی بونیاتنانەوە بەشێوەیەک لەگەڵیان بین کە بەرەو ئاراستەی چارەسەری دوو دەوڵەتی بێت."
ئەڵمانیا: غەززە سەر بە فەلەستینییەکانە
ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند: "ئاشکرایە کە غەززە، وەکو کەرتی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم، سەر بە فەلەستینییەکانە. ئەو ناوچانە بناخەی داهاتووی دەوڵەتی فەلەستین دادەمەزرێنن."
ئوسترالیا: هەڵوێستمان نەگۆڕە
ئەنتۆنی ئەلبەنیزی، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا گوتی، پشتیوانیی بەردەوامی وڵاتەکەی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەگۆڕاوە. "هەڵوێستی ئوسترالیا هەمان هەڵوێستی ئەم بەیانییەیە، هەمان هەڵوێستی پار و هەمان هەڵوێستی 10 ساڵ لەمەوبەرە."
بەرازیل: ئەوەی لە غەززە روویدا جینۆساید بوو
لویز ئیناشیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەرازیل گوتی، بیرۆکەکەی ترەمپ شتێکە کە "لێی تێناگەین، ئەوەی لە غەززە روویدا جینۆساید بوو، باوەڕ ناکەم ئەمریکا کە بەشداریی تێدا کردووە و پشتگیریی ئیسرائیلی کردووە، باشترین بژارە بێت بۆ بەڕێوەبردنی غەززە."