ئیسرائیل سەرکردەیەکی حەماس و هاوژینەکەی لە باکووری لوبنان کوشت

رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرمیی لوبنان رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنیی ئیسرائیل بۆ سەر باکووری لوبنان، سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حەماس و هاوژینەکەی کوژران.
 
ئاژانسی نیشتمانیی میدیای لوبنان بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل ماڵی "وەسیم عەتاڵڵا عەلی"، سەرکردەی بزووتنەوەی حەماسی لە کەمپی (بەداوی) لە نزیك شاری تەرابلوس کردووەتە ئامانج. لە هێرشەکەدا وەسیم عەتاڵڵا و هاوژینەکەی کوژراون و کچێکیان بریندار بووە.
 
ئەمە یەکەم راگەیاندنی فەرمییە دەربارەی کوژرانی ئەندامێکی ئەو بزووتنەوەیە لەو ناوچەیە، لەو کاتەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران جەنگێکی هەرێمییان بەرپاکردووە.
 
سوپای ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 05-03-2026، رایگەیاند، جارێکی دیکە هێرشیان کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی حیزبوڵڵای لوبنان لە بەیرووتی پایتەخت. هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی (X) ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامانجی هێرشەکان بنکە و ژێرخانی چەکدارانی حیزبوڵڵا بووە.
 
حیزبوڵڵای لوبنان، وەک وەڵامێک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، دەستی بە مووشەکبارانکردنی ئیسرائیل کردووە؛ لەو کاتەوە سوپای ئیسرائیل هێرشە چڕەکانی بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی لوبنان دەستپێکردووەتەوە.