بەرگریی ئیمارات: 172 مووشەک و 755 درۆنی ئێرانیمان تێکشکاندووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایدەگەیێنێت، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان توانیویانە 172 مووشەکی بالیستی و 755 درۆن تێکبشکێنن.
پێنجشەممە، 5ـی ئاداری 2026، حکومەتی ئیمارات کۆبوونەوەیەکی فراوانی بۆ خستنەڕووی دوایین پێشهاتە ئەمنییەکان بە بەشداریی نوێنەرانی وەزارەتەکانی بەرگری، ناوخۆ، دەرەوە، ئابووری و گەشتوگوزار ئەنجامدا.
عەمید روکن تەیار عەبدولناسر حومەیدی، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند: "لەوەتەی دەستپێکردنی هێرشەکانەوە، بەرگریی ئاسمانیی ئیمارات مامەڵەی لەگەڵ 186 مووشەکی بالیستیدا کردووە کە ئاراستەی وڵات کراون؛ لەو ژمارەیەش 172 مووشەک تێکشکێندراون، 13یان لەناو دەریا کەوتوونەتە خوارەوە و تەنیا یەک مووشەک لەناو خاکدا کەوتووەتە خوارەوە."
سەبارەت بە درۆنەکان، حومەیدی ئاشکرای کرد: "812 درۆنی ئێرانی بەدی کراون، لەو ژمارەیەش 755 درۆن تێکشکێندراون و 57یان لەناو خاکی ئیماراتدا کەوتوونەتە خوارەوە. هەروەها 8 مووشەکی جووڵاو تێکشکێندراون."
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئاماژەی بە زیانەکان کرد و گوتی: "ئەو هێرشانە بوونەتە هۆی کوژرانی 3 کەس و برینداربوونی 68 کەس، هەروەها زیانی مادی مامناوەند بە چەند شوێنێکی مەدەنی گەیشتووە."
حومەیدی جەختی کردەوە کە ئەو دەنگانەی لە ناوچە جیاجیاکانی وڵات دەبیسترێن، دەنگی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی و فڕۆکە جەنگییەکانن لە کاتی بەرپەرچدانەوەی مووشەک و درۆنەکاندا. گوتیشی: "ئیمارات خاوەنی سیستمێکی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو و فرەچەشنە کە دەتوانێت رووبەڕووی هەموو جۆرە هەڕەشەیەک ببێتەوە و کۆگایەکی ستراتیژیی پێویستیشی لە تەقەمەنی هەیە بۆ پاراستنی سەروەریی وڵات."