سوپای ئیسرائیل داوای چۆڵکردنی ناوچەیەکی پیشەسازیی پاکدەشتی تاران دەکات

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل هۆشدارییەکی ''بەپەلە''ـی ئاراستەی دانیشتووانی ناوچەیەکی شاری پاکدەشتی تاران کردووە کە بە زووترین کات چۆڵی بکەن.

کاژێر 19:10 خولەکی پێنجشەممە، 05-03-2026، سوپای ئیسرائیل لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەخشەی ناوچەی پیشەسازیی ''عەباس ئاباد''ـی بە رەنگی سوور دیاری کردووە کە دەکەوێتە شاری پاکدەشتی پارێزگای تاران و بە زمانی فارسی، هۆشدارییەکی ''بەپەلە''ـی ئاراستەی دانیشتووانی ناوچەکە کردووە.
 
لە هۆشدارییەکەدا هاتووە: ''بە زووترین کات ناوچەکە چۆڵ بکەن، چونکە تاوەکو چەند خولەکی دیکە، سەرجەم ژێرخانی سەربازیی ئێران لەو ناوچەیە دەکرێتە ئامانج.''
 
سوپای ئیسرائیل رووی زاری کردووەتە دانیشتووانی ناوچەکە و دەڵێت: ''مانەوەی ئێوە لە ناوچەی پیشەسازیی عەباس ئاباد، مەترسیدارە و بۆ پاراستنی گیانی خۆتان پێویستە پابەندی هۆشدارییەکە بن.''
 
ناوچەی پیشەسازیی عەباس ئاباد یەکێکە لە گەورەترین و گرینگترین ناوەندە پیشەسازییەکانی ئێران کە لە باشووری رۆژهەڵاتی تاران و سنووری شاری پاکدەشت هەڵکەوتووە.
 
لە شەش رۆژی جەنگدا، ئیسرائیل و ئەمریکا چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر شارەکە و ژمارەیەک ناوچەی پیشەسازیی دیکەیان کردووەتە ئامانج.