سريلانكا تەرمی 87 سەربازی ئێرانی لەناو کەشتییەکی ژێرئاوکەوتوو دەرهێنا


رووداو دیجیتاڵ

هێزی دەریایی سریلانکا رایگەیاند، توانیویانە تەرمی 87 سەربازی ئێرانی لە کەشتییەکی جەنگیی ئێران لە زەریای هیندی دەربهێنن، ئەوەش دوای ئەوەی کەشتییەکە لەرێگەی ژێردەریاییەکی ئەمریکییەوە کرایە ئامانج.
 
پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە پێنتاگۆن رایگەیاند، ئەو کەشتییە ئێرانییەی ژێرئاو خراوە ناوی (IRIS Dena)یە و وەک "کەشتیی شانازی"ـی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبینرا. هێگسەس گوتی: "ژێردەریاییەکی ئەمریکی کەشتییەکی جەنگیی ئێرانی ژێرئاوخست کە وای دەزانی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا پارێزراوە، بەڵام تێکشکێنرا." ئەمە بە یەکێک لەو حاڵەتە دەگمەنانە دادەنرێت لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە کە تێیدا ژێردەریاییەک کەشتییەکی جەنگی ژێرئاو بخات.
 
ڤیجیسا هێراس، وەزیری دەرەوەی سریلانکا بە پەرلەمانی وڵاتەکەی راگەیاند، ئاماژەیەکی فریاگوزارییان لە کەشتییەکە وەرگرتووە کە 180 کەسی تێدابووە. کاتێک تیمەکانی رزگارکردن گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، هیچ ئاسەوارێکی کەشتییەکە نەمابوو، تەنیا پەڵەی نەوت و بەلەمی رزگارکردن و چەند کەسێک مابوونەوە کە لەسەر ئاوەکە مەلەیان دەکرد.
 
بودیکا سامپاس، گوتەبێژی هێزی دەریایی سریلانکا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 32 کەس بە زیندوویی رزگارکراون و رەوانەی نەخۆشخانەی شاری (گالی) لە باشووری وڵاتەکە کراون. دکتۆر ئەنیل جاسینگێ، وەزیری تەندروستی ئاشکرای کرد، یەکێک لە رزگاربووەکان تەندروستیی زۆر خراپە و 7 کەسی دیکەش چارەسەری بەپەلە وەردەگرن.
 
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە، ساتەوەختی هێرشەکە نیشان دەدات. لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە کەشتییە ئێرانییەکە بەهۆی تەقینەوەیەکی بەهێزی ژێر ئاو دەبێت و دەبێت بە دوو بەشەوە و ستوونێکی گەورەی ئاو بە ئاسماندا بەرز دەبێتەوە.
 
کەشتیی (IRIS Dena) یەکێک بوو لە نوێترین و پێشکەوتووترین کەشتییە جەنگییەکانی ئێران، کە بە تۆپی قورس، مووشەکی دژە کەشتی و دژە فڕۆکە پڕچەککرابوو. ئەم کەشتییە لە شوباتی 2023دا لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێنرابوو، "بەهۆی هاوکاریی بۆ کۆمپانیاکانی درۆن کە چەکیان بۆ رووسیا دابین دەکرد."
 
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاند، لە دەستپێکی جەنگەکە لە رۆژی شەممەوە، لانیکەم 17 کەشتیی جەنگیی ئێران ژێرئاو خراون. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستان ئاسا، لەناوبردنی تەواوەتیی هێزی دەریایی ئێرانە بۆ پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوەی وزە لە جیهاندا.