سوپای ئیسرائیل: سەرکردایەتیی ئێرانمان هەژاندووە

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل، رۆژی پێنجشەممە 5-3-2026 رایگەیاند ئەو هێرشەی دەیکاتە سەر ئێران، سەرکردایەتی ئەو وڵاتەی "هەژاندووە" و ئاماژەی بەوەشکرد بەردەوامن لە "قووڵکردنەوەی زیانەکان".
 
ئیڤی دیفرین، گوتەبێژی سەربازیی ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکەمان زیانگەیاندنە بە سیستمی تیرۆری ئێران، تاوەکو هەڕەشەیان نەمێنێ، ئێمە بەردەوامین لە ئۆپەراسیۆنمان تاوەکو زۆرترین زیان بەر ئەو سیستەمەی ئێران بکەوێ.''
 
گوتیشی: "گرنگە بڵێم [سەرکردایەتیی ئێران] هەژێنراوە. یەکەم گورزی لە بەیانیی رۆژی شەممە 28-02-2026  بەر ئێران کەوت، سەرکردایەتییەکەی کرایە ئامانج. ئێمە هەموو رۆژ بەردەوامین لە هەژاندنی زیاتری ئێران.''
 
هاوکات لەگەڵ ئێران، ئیسرائیل حیزبوڵڵاش بۆردوومان دەکات لە لوبنان، پێشڕەوییەکانیشی لە باشووری لوبنان بەردەوامە، لوبنان وەکو دراوسێی ئیسرائیل راستەوخۆ کەوتە ژێر کاریگەری جەنگی ئیسرائیل و ئێران، دوای ئەوەی حیزبوڵڵا رۆژی دووشەممە هێرشیکردە سەر ئیسرائیل لە وەڵامی کوشتنی عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران.
 
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "حیزبوڵڵا دەستی ئێرانە، خزمەتی تیرۆری ئێرانیش دەکات، بەڵام هاوئاهەنگییان بەمشێوەیە بەهێز نییە".
 
لەبارەی بۆردوومانی حیزبوڵڵاش، بەرپرسەکەی ئیسرائیل رایگەیاند:" تاوەکو ئێستا 320 ئامانجی حیزبوڵڵا بۆردوومانکراون،80 لەوانە لە 24 کاژێری رابردوو بووە .''