حکومەتی لوبنان هەموو چالاکییەکی سوپای پاسدارانی لە وڵاتەکەی قەدەخەکرد
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی لوبنان بڕیارێکی تایبەت بە قەدەخەکردنی هەموو جۆرە چالاکییەکی سوپای پاسدارانی لە وڵاتەکەی دەرکرد.
رۆژی پێنجشەممە، 5ى ئادارى 2026 حکومەتی لوبنان رایگەیاند، چی دیکە رێگە بە هیچ جووڵەیەکی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەنێو سنوورەکانی وڵاتەکەی نادات.
وێڕای راگەیاندنی قەدەخەکردنەکە، ئەنجوومەنی وەزیرانی لوبنان بڕیاریدا کە ئەندامانی ئەو هێزە لەلایەن دەزگای دادی وڵاتەکەوە دەستگیربکرێن بە مەبەستی دیپۆرتکردنەوەیان.
ئەم بڕیارە وەک گورزێکی سیاسیی گەورە بۆ حیزبوڵڵا دەبینرێت کە سوپای پاسداران پاڵپشتیکاری سەرەکییەتی.
پاڵ مۆرکۆس، وەزیری زانیاریی لوبنان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەیرووت گوتی: "ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا رێگری لە هەر چالاکییەک بکات کە ئەندامانی سوپای پاسداران لە خاکی لوبنانەوە ئەنجامی دەدەن."
مۆرکۆس گوتی، هەموو ئەو ئەندامانەی سەر بەو هێزەن دەستگیردەکرێن و لە رێگەی دادگاوە رێکاری دەرکردنیان بۆ دەردەکرێ.
وەزیری زانیاریی لوبنان ئاماژەی بەوەش کرد، لەمەودوا هاووڵاتیانی ئێران بۆ چوونە نێو خاکی لوبنان پێویستە ڤیزە وەربگرن، ئەوە لە کاتێکدایە چەندین ساڵ بوو ئێرانییەکان بێ ڤیزە گەشتیان بۆ ئەو وڵاتە دەکرد.
ئەم وەرچەرخانە سیاسییەی بەیرووت لە کاتێکدایە، ناوچەکە لەبەردەم جەنگێکی گشتگیردا پێ دەنێتە شەشەم رۆژی خۆیەوە.
ئۆپەراسیۆنی (نەڕەی شێر) و (تووڕەیی داستانئاسا) کە لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆسەر تاران جێبەجێ دەکرێن، بوونەتەهۆی کوژرانی سەرکردە باڵاکانی ئێران و تێکچوونی زنجیرەی فەرماندەیی سوپای پاسداران.
پەیوەندییەکانی نێوان لوبنان و سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، کاتێک ئەندامانی ئەو هێزە بۆ یەکەمجار چوونە دۆڵی بیقاع بۆ هاوکاریی بونیادنانی گرووپی حیزبوڵڵا.
لە چوار دەیەی رابردوودا سوپای پاسداران وەک سەرچاوەی سەرەکیی دارایی، مەشق و پڕچەککردنی حیزبوڵڵا ماوەتەوە و رۆڵێکی بنەڕەتی لە داڕشتنی سیاسەتی ئەمنی و سەربازیی لوبناندا دەگێڕا.
وێڕای ناڕەزایەتییەکانی بەشێک لە پێکهاتە سیاسییەکانی لوبنان، هەژموونی تاران بەسەر بەیرووتدا لە ساڵی 2011 و دوای شەڕی ناوخۆی سووریا گەیشتە بەرزترین ئاست.