ترەمپ: دەبێت لە دەستنیشانکردنى سەرکردەى داهاتووى ئێراندا بەشداربم

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، پێویستە لە هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی سەرکردەی داهاتووی ئێران بەشدار بێت و رۆڵی هەبێ، رێک وەک ئەوەی لە ڤەنزوێلا روویدا؛ ئاماژەی بەوەشکرد، موجتەبا خامنەیی، کوڕی عەلی خامنەیی وەک جێگرەوەی باوکی "قبووڵنەکراوە".
 
رۆژی پێنجشەممە، 5ی ئادارى 2026 سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفۆنیی 8 خولەکی دا لەگەڵ ماڵپەڕی ئاکسیۆسی ئەمریکی گوتی، ئیدارەکەی رێگری لە هەر هەوڵێک دەکات بۆ هێشتنەوەی سیستمی ئێستای تاران.
 
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، موجتەبا خامنەیی ئێستا وەک بەهێزترین بەربژێرە بۆ شوێنگرتنەوەی باوکی، بەڵام کەسایەتییەکی "بێ کاریگەرە" و ناتوانێت ئەو ئاشتی و تەباییەی ئەمریکا دەیەوێ، بۆ ئێران بگەڕێنێتەوە.
 
ترەمپ لەو هەڤپەیڤینەدا گوتی: "ئەوان (ئێرانییەکان) کاتی خۆیان بەفیڕۆ دەدەن. کوڕەکەی خامنەیی کەسێکی بێ کاریگەرە. دەبێت من لە پرۆسەی دانانی سەرکردەی نوێدا بەشدار بم، رێک وەک ئەوەی لەگەڵ دێلسی رۆدریگێز لە ڤەنزوێلا ئەنجامم دا." 
 
سەرۆکی ئەمریکا رەتیکردەوە هیچ سەرکردەیەک قبووڵ بکات کە هەمان سیاسەتەکانی عەلی خامنەیی، رێبەرى پێشووى کۆمارى ئیسلامی پەیڕەو بکات و گوتی: "ئەگەر وابێت، ئەوا ئەمریکا ناچار دەبێت دوای 5 ساڵی دیکە بگەڕێتەوە بۆ جەنگ. ئێمە کەسێکمان دەوێت ئاشتی بۆ ئێران بێنێت."
 
سەرۆکی ئەمریکا دۆخی ئێستای ئێرانی بە ڤەنزوێلا چواند کە تێیدا دوای دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ لەلایەن هێزە ئەمریکییەکانەوە لە کانوونی دووەمی رابردوو، دێلسی رۆدریگێز دەسەڵاتی گرتە دەست. 
 
ترەمپ رۆژی چوارشەممە ستایشی رۆدریگێزی کرد و رایگەیاند کە "نەوت دەستی بە رۆیشتن کردووە" بەرەو ئەمریکا. 
 
هەروەها ترەمپ لە گوتاری ساڵانەی خۆیدا ڤەنزوێلای بە "دۆستی نوێ" ناوبرد و گوتی، واشنتن لەدوای ئۆپەراسیۆنی مادورۆوە زیاتر لە 80 ملیۆن بەرمیل نەوتی لەو وڵاتە وەرگرتووە.