بەرپرسێکی حوسی: ئامادەین دانوستاندن بکەین
رووداو - ئاژانسەكان
ساڵح ئەلسەماد، كە بەرپرسێكی باڵای حوسییەكانە رایدەگەیێنێت، ئەوان ئامادەن دانوستاندنی ئاشتی دەستپێبكەن، بەو مەرجەی هێرشە ئاسمانییەكان بە سەركردایەتی سعودیە بووەستێنرێن.
ئەلسەماد كە پێشتر راوێژكاری عەبد رەببە مەنسوور هادی بووە، ئاماژە بەوەش دەدات، كە یەمەنییەكان چیدی پێیانخۆش نییە هادی لە سعودیەوە بۆ یەمەن بگەڕێتەوە. ئەلسەماد دەڵێت:" سەرەڕای هەموو ئەو شتانەی كە روویداوە، ئێمە هێشتا لەسەر هەڵوێستی خۆمان سوورین و داوای بەردەوامیی گفتوگۆكان لەسەر بنەمای رێز و یەكدی قبووڵكردن دەكەین."
ئەو بەرپرسەی حوسییەكان جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە، كە ئەوان هیچ مەرجێكی دیكەیان نییە، جگە لەوەی هێرشەكان بووەستێنرێن و لە ماوەیەكی كورتدا دەست بە دانوستاندنەكان بكەنەوە.
حوسییەكان هەروەها داوادەكەن، هەر هێزێكی نێودەوڵەتی و هەرێمی كە روانگەیەكی هێرشكارانەیەن بەرامبەر خەڵكی یەمەن نییە، دەتوانن چاودێری گفتوگۆكان بكەن. خوازیاریشن
دیالۆگەكان بەشێوەیەكی راستەوخۆ بۆ خەڵكی یەمەن بڵاوبكرێنەوە.
پێشتر سعودیەش رایگەیاندبوو، كە پێشوازی لە دانیشتنی لایەنە سیاسییەكانی یەمەن دەكات، بەڵام لە راگەیێنراوەكەی سعودیە داواكراوە، دانیشتنەكان بە چاودێری ئەنجوومەنی هاوكاری كەنداو بەڕێوەبچن.
هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانی عەرەب بە سەركردایەتی سعودیە، ماوەی 11 رۆژە بەردەوامن، ئامانج لەم هێرشانە، پاشەكشێكردن بە حوسییەكان و گەڕاندنەوەی هادی بۆ سەر كورسی سەرۆكایەتی كۆماری یەمەنە.