گرووپێکی موقاوەمە: لە بەرامبەر بۆردوومانەکەی بەسرە، هێرشمان کردە سەر کوێت
رووداو دیجیتاڵ
گرووپی ئەسحابولکەهف کە سەر بە گرووپی موقاوەمەی ئیسلامییە لە عێراق، بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشکردنە سەر چەند پێگەیەکی کوێت رایگەیاند و ئاماژە بەوە دەکات، ئەو هێرشانەیان لە کاردانەوەی بۆردوومانکردنی دەروازەی شەلامچەی بەسرە بووە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.
یەکشەممە 5ـی نیسانی 2026، گرووپی ئەسحابولکەهف رایگەیاند: "بەرپرسیارێتیی بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە کوێت دەگرینە ئەستۆ وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر بە ئامانجگرتنی دەروازەی شەلامچە."
ئەو بۆردوومانەی دەروازەی شەلامچەی سنووریی نێوان پارێزگاى بەسرە و ئێرانی گرتەوە کە 4ـی نیسان ئەنجامدرا، بەهۆیەوە هاووڵاتییەکی عێراقی کوژرا و پێنجی دیکە بریندار ببوون.
گرووپی ئەسحابولکەهف رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان بە "ئاستێکی تووندتر" و داوا لە هاووڵاتیانی سڤیل دەکات لەو شوێنانە دوور بکەونەوە کە ئەمریکییەکانی لێیە.
رۆژی یەکشەممە، سوپای کوێت رایگەیاند: لە 24 کاژێری رابردوودا 31 درۆن و 9 مووشەکی بالیستی و 4 مووشەکی دیکەیان تێکشکاندووە کە سنووری ئاسمانی ئەو وڵاتەیان بەزاندووە.
ئەسحابولکەهف یەکێکە لە پێکهێنەرانی گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە وابەستەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن.