دوایین هەواڵەکانی جەنگەکە: لە هێرشی سەر کوێتەوە تاوەکو دەستگیرکردنی کەسوکاری سولەیمانی


رووداو دیجیتاڵ

جەنگی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران لە هەفتەی پێنجەمدایە.. ئەمانە گرنگترین و دوایین پێشهاتەکانن تاوەکو رۆژی 37ـەم. 
 
رزگارکردنی فڕۆکەوانە ئەمریکییەکە لە ئێران
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا بە فەرمی رزگارکردنی دووەم فڕۆکەوانی ئەمریکای لە نێو ئێران راگەیاند و ئۆپەراسیۆنەکەی بە "یەکێک لە بوێرترین ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و رزگارکردن لە مێژووی ئەمریکا"دا ناو برد.
 
ترەمپ لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "دۆزیمانەوە!". هەروەها باس لەوە دەکات، فڕۆکەوانە رزگارکراوەکە ئەفسەرێکی پلە باڵایە بە پلەی عەقید و ئێستا "سەلامەت و تەندروستە".
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم ئەفسەرە "لە چیاکانی ئێران و لەپشت هێڵەکانی دوژمنەوە بووە، لە کاتێکدا هێزەکانی ئێران بەدوایدا دەگەڕان و کاژێر بە کاژێر لێی نزیک دەبوونەوە". 
 
هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کوێت
 
سوپای کوێت رۆژی یەکشەممە 5ی نیسان، رایگەیاند، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی سەرقاڵی بەرپەرچدانەوەی مووشەک و درۆنەکانی ئێرانن. ئێوارەی شەممەش هێرشێکی درۆنیی ئێران زیانێکی "گەورەی" بە باڵەخانەیەکی حکومی لە شاری کوێت گەیاند، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.
 
مووشەکبارانی ئیسرائیل
 
سوپای ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، وڵاتەکەی رووبەڕووی هێرشی مووشەکی بووەتەوە کە لە ئێرانەوە هەڵدراون. پێشتریش لانیکەم دەنگی 6 تەقینەوەی بەهێز لە ئاسمانی قودس/ئۆرشەلیم بیستران. هەر لەو رۆژەدا هێرشی مووشەکی بۆ سەر تەلئەڤیڤ و نێوەڕاستی ئیسرائیل 5 کەسی بریندار کرد.
 
کوژرانی 3 کەس لە باکووری رۆژئاوای ئێران
 
بەپێی میدیاکانی ئێران، لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پارێزگای ئەردەبیل لە نزیک سنووری ئازەربایجان، 3 کەس کوژراون. هێرشەکان ناوچەکانی جەعفەرئاباد و گەرمییان گرتووەتەوە و 3 کەسیش بریندار بوون.
 
ئێران مۆڵەتەکەی ترەمپ رەتدەکاتەوە
 
فەرماندەیی ناوەندیی سەربازیی ئێران هەڕەشەکەی دۆناڵد ترەمپی رەتکردەوە کە گوتبووی ئەگەر لە 48 کاژێردا رێککەوتنی ئاشتی قبووڵ نەکەن، ژێرخانی وڵاتەکە وێران دەکات. جەنەڕاڵ عەلی عەبدوڵڵاهی ئەو قسانەی ترەمپی بە "کردەوەیەکی داماوانە، شڵەژاو و گەمژانە" ناو برد.
 
ترەمپ: سەرکردە سەربازییەکانی ئێران کوژراون
 
ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تەقینەوە لە ئاسمانی شارێک نیشان دەدات و رایگەیاند: "زۆر لە سەرکردە سەربازییەکانی ئێران لەم هێرشە مەزنەی تاراندا لەنێوبران."
 
ئێران رێگە بە کەشتییەکانی عێراق دەدات
 
سەرەڕای گەمارۆدانی تەنگەی هورمز، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران رایگەیاند، رێگە بە کەشتییەکانی عێراق دەدەن بە تەنگەکە تێپەڕن. ئیبراهیم زوڵفەقاری، گوتیشی: "عێراق بەدەرە لەو کۆتوبەندانەی لەسەر گەرووی هورمز دامانناون، ئەم کۆتوبەندانە تەنیا بۆ وڵاتانی دووژمنن."
 
پێنجەمین مووشەک لە یەمەنەوە
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە یەمەنەوە مووشەکێک بە ئاڕاستەی ئیسرائیل هاوێژراوە، ئەمەش پێنجەمین هێرشی لەو شێوەیەیە لە سەرەتای جەنگەکەوە و سیستەمی بەرگری کاری بۆ پووچەڵکردنەوەی کردووە.
 
دەستگیرکردنی کەسوکاری قاسم سولەیمانی لە ئەمریکا
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دوای هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی نیشتەجێبوونیان، دوو ئەندامی خێزانی قاسم سولەیمانی، کە ساڵی 2020 لە عێراق کوژرا، لە ئەمریکا دەستگیرکراون. دوو کەسەکە برازا و کچی برازایەکی بوون. بەڵام دوو کچی سولەیمانی بە میدیاکانی ئێرانیان راگەیاندووە، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون هیچ خزمایەتییەکیان لەگەڵ ئەوان نییە.
 
هێرشەکانی سەر لوبنان و ئێران
 
• ئیسرائیل دوای هۆشداریی چۆڵکردن، هێرشەکانی بۆ سەر شاری سووڕ لە باشووری لوبنان چڕ کردنەوە.
 
• لە ئێران، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل وێستگەیەکی ئەتۆمی، تێرمیناڵێکی بازرگانی، کارگەیەکی چیمەنتۆ و ناوەندێکی پترۆکیمیاییان کردە ئامانج. لە هێرشی سەر ناوەندە پترۆکیمیاییەکە 5 کەس کوژران و لە نزیک وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهریش پاسەوانێک کوژرا، بەڵام ئاژانسی وزەی ئەتۆم دەڵێت هیچ تیشکدانەوەیەک بڵاونەبووەتەوە.
 
ئەردۆغان داوای کۆتاییهێنان بە جەنگ دەکات
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ گوتی جەنگەکە گەیشتووەتە "چەقبەستووییەکی جیۆستراتیژی" و داوای هەوڵی نوێی کرد بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان.