سوپای ئیسرائیل داوای چۆڵکردنی دەروازەی مەسنەع لەسەر سنووری سووریا-لوبنان دەکات


رووداو دیجیتاڵ

لە هۆشدارییەکدا، وەک ئامادەکارییەک بۆ بۆردوومانکردنی، سوپای ئیسرائیل داوای چۆڵکردنی بەپەلەی دەروازەی مەسنەع و دەوروبەری کرد کە دەکەوێتە سەر سنووری سووریا و لوبنان. ئەمەش لە کاتێکدایە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سەرتاسەری لوبنان بەردەوامن.
 
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا "هۆشدارییەکی بەپەلە"ی ئاراستەی هەموو ئەو کەسانە کرد، کە لە ناوچەی دەروازەی مەسنەع و لەسەر رێگەی M30ن بۆ ئەوەی دەستبەجێ شوێنەکە چۆڵ بکەن. سوپا دەڵێت ئامانجیانە ناوچەکە بۆردوومان بکەن چونکە "حیزبوڵڵا دەروازەی مەسنەع بۆ مەبەستی سەربازی و بەقاچاخبردنی چەک بەکاردەهێنێت."
 
سەرچاوەیەکی ئەمنیی لوبنان لە دەروازەکە بە فرانس پرێسی راگەیاندووە، دەستیان بە چۆڵکردنی دەروازەکە کردووە. لە دیوی سووریاشەوە کە پێیدەگوترێت دەروازەی جودەیدە یابوس، مازن عەلوش، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی سنوور و گومرگ گوتی دەروازەکە تەنیا بۆ مەبەستی سڤیلە و ئێستا بەشێوەیەکی کاتی هاتووچۆیان راگرتووە.
 
دەروازەی مەسنەع گرنگترین دەروازەی نێوان لوبنان و سووریایە و رێگەیەکی بازرگانیی گرنگە بۆ هەردوو وڵات. لە جەنگی پێشوودا لە تشرینی یەکەمی 2024 ئیسرائیل ئەم دەروازەیەی بۆردوومان کردبوو.
 
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەی مەعرەکە لە قەزای سووڕ، 5 کەس لەنێویاندا ژنێک کوژراون. پێشتریش لە هێرشێکدا بۆ سەر حەبووش، 2 منداڵی کچ کوژران و 22 کەس بریندار بوون.
 
شەوی هەینیش دوو هێرش بۆ سەر ناوچەی حەوش لە قەزای سووڕ 18 برینداری لێکەوتەوە و زیانی بە نەخۆشخانەی ئیتاڵی-لوبنانی گەیاند. سەرەڕای فەرمانی چۆڵکردن لەلایەن ئیسرائیلەوە، هێشتا نزیکەی 20 هەزار کەس لە شاری سووڕ ماونەتەوە. رۆژی شەممەش ئیسرائیل 3 باڵەخانەی لەو شارە بۆردوومان کردن.
 
سوپای ئیسرائیل کوژرانی سەربازێکی لە شەڕەکانی باشووری لوبنان راگەیاند و گوتی، لە دوو رۆژی رابردوودا زیاتر لە 140 ئامانجی حیزبوڵڵایان پێکاوه. هەروەها پردێکیان لە ناوچەی بیقاعی رۆژئاوا بە تەواوی وێران کرد.
 
لە بەرامبەردا، حیزبوڵڵا رایگەیاند چەندین شارۆچکەی باکووری ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج، وەک کریات شمۆنە و میسگاف عام، هەروەها هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئیسرائیل لەنێو خاکی لوبنان لە شارۆچکەکانی مارون ئەلڕاس، حۆلا و عەیناتا.
 
هێزەکانی یونیفێلی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایانگەیاند، رۆژی هەینی بەهۆی تەقینەوەیەک لە نزیک پێگەیەکیان لە عودەیسە، 3 سەربازی ئیندۆنیزی بریندار بوون. وەزارەتی دەرەوەی ئیندۆنیزیا ئەمەی بە "قبووڵنەکراو" ناو برد کە پێشتریش 3 سەربازی دیکەیان کوژرابوون.
 
هەروەها سەرچاوەیەکی ئەمنی لە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی شەممە ئاشکرای کرد کە سوپای ئیسرائیل لە رۆژی هەینییەوە 17 کامێرای چاودێریی سەر بە بارەگای سەرەکیی یونیفێلی لەنێوبردووە.
 
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لە سەرەتای جەنگەکەوە هەزار و 422 کەس کوژراون و زیاتر لە ملیۆنێک کەسیش ئاوارە بوون.