ترەمپ: لە رێگەی کوردەکانەوە چەکمان بۆ خۆپێشاندەرانی ئێران نارد و ئەوان چەکەکانیان بۆخۆیان برد


رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ لە نوێترین لێدوانی لەسەر جەنگی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی گوت، ئەمریکا لە رێگەی کوردەکانەوە چەکی بۆ خۆپێشاندەران ناردووە، بەڵام "پێیوایە" کوردەکان چەکەکانیان بۆخۆیان بردووە.
 
رۆژی یەکشەممە، 05-04-2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی بۆ کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند: "چەکێکی زۆرمان بۆ ناردن [خۆپێشاندەرانی ئێران]. چەکەکانمان لە رێگەی کوردەکانەوە نارد."
 
ترەمپ هەروەها گوتی: "پێموایە کوردەکان چەکەکانیان بۆخۆیان برد."
 
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها هۆشدارییەکی تووندی دایە سەرکردایەتیی ئێران و رایگەیاند، ئەگەر تاران بە خێرایی رێککەوتن واژۆ نەکات، بژاردەی سەربازیی یەکجار تووند دەگرێتە بەر. گوتیشی: "ئەگەر ئێران بە خێرایی رێککەوتن نەکات، من بیر لەوە دەکەمەوە هەموو شتێک بتەقێنمەوە و دەست بە سەر نەوتەکەشدا بگرم."
 
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئامانجە داهاتووەکانی ئەوان بریتین لە وێرانکردنی پردەکان و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا تاوەکو ئێران بە تەواوەتی پەکیبکەوێت.
 
ئەم لێدوانە دوای ئەوە دێت، ترەمپ ئاماژەی بە سەرکوتکردنی تووندی خۆپێشاندانەکان لە لایەن تارانەوە کرد، کە بە گوتەی ئەو بووەتە هۆی کوژرانی 45,000 سڤیل لە ناوخۆی ئێراندا.
 
سەرەڕای هەڕەشە تووندەکان، ترەمپ گەشبینیی خۆی بۆ چارەسەری دیپلۆماسی پێشان دا و گوتی: "پێم وایە دەتوانین تاوەکو بەیانی بگەینە رێککەوتن." سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد واشنتن "لێبووردنی" بەو بەرپرسە ئێرانییانە داوە ئێستا خەریکی دانوستاندنن، تاوەکو بتوانن بەبێ ترس لە تێرۆرکردن یان بە ئامانجگرتن بەردەوام بن لە گفتوگۆکان.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ ئاماژە بە کردنی "ئۆپەراسیۆنێکی ئازایانە" کرد بۆ رزگارکردنی فڕۆکەوانێکی ئەمریکی کە فڕۆکەکەی لە ناوچە شاخاوییەکانی ئێراندا خرابووە خوارەوە. ترەمپ گوتی، ئەم سەرکەوتنە سەربازییانە وای کردووە لایەنی ئێرانی جیدیتر بێتە سەر مێزی گفتوگۆ.
 
ترەمپ دووپاتی کردەوە، ئامانجی سەرەکیی ئەو پاراستنی ئابووریی ئەمریکا و هێنانە خوارەوەی نرخی سووتەمەنییە. سەرۆکی ئەمریکا گوتی، هەر کاتێک هەست بکات تاران چیدی مەترسی نییە بۆ سەر ئاسایشی جیهان و تەنگەی هورمز، هێزەکانی ئەمریکا دەکشێنێتەوە.