وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: سەرکردەکانی ئێران دەکوژین و ژێرخانە ستراتیژییەکانیان تێکدەشکێنین


رووداو دیجیتاڵ

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەگەر هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەی بەردەوام بن، هێزەکانیان سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەنە ئامانج و ژێرخانە ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتە تێکدەشکێنن.

رۆژی یەکشەممە، 5ـی نیسانی 2026، یسرائیل کاتز لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند: "تاوەکو ئەو کاتەی مووشەکبارانکردنی هاووڵاتییانی سڤیلی ئیسرائیل بەردەوام بێت، ئێران باجێکی قورس دەدات، کە دەبێتە هۆی پەکخستنی ژێرخانی نیشتمانی و توانای ئۆپەراسیۆنەکانی رژێمەکە."
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداریی تووندیدا و گوتی: "لە راوەدوونان و لەناوبردنی سەرکردایەتیی تیرۆر و لێدانی ئامانجە ئەمنییەکان و سەروەتە ستراتیژییەکان لە سەرانسەری ئێران بەردەوام دەبین."
 
ئەم لێدوانانەی کاتز لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا ئیسرائیل بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا، چەندین دامەزراوەی پۆڵا و پێترۆکیمیایی ئێرانیان کردە ئامانج.
 
بەرپرسانی تەلئەڤیڤ دەڵێن، داهاتی ئەو سێکتەرە پیشەسازییانە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بۆ دابینکردنی بودجەی بەرهەمهێنانی چەک و تەقەمەنی بەکاردەهێنرێت.