ئەمریکا هەڕەشەی وەڵامدانەوەی تووند لە ئێران دەکات ئەگەر هێرش بکاتە سەر کەشتییەکان


رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری جەنگی ئەمریکا دەڵێت، وڵاتەکەی لەسەر تەنگەی هورمز "بەدوای شەڕدا ناگەڕێ" و ئاگربەست لەگەڵ ئێران بەردەوامە، بەڵام هەر هێرشێک بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان وەڵامێکی "وێرانکەر"ی دەبێت.
 
ئەم هۆشدارییەی پیت هێگسەس لە دووەم رۆژی هەوڵەکانی ئەمریکادایە بۆ ئاسانکاریی تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان بە تەنگەی هورمزدا، کە ئێران لە وەڵامی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی وڵاتەکەی، دایخستبوو.
 
رۆژی سێشەممە 05-05-2026 هێگسەس بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئێمە بەدوای شەڕدا ناگەڕێین، بەڵام نابێت رێگە بە ئێرانیش بدرێ رێگری لە وڵاتانی بێتاوان و کاڵاکانیان بکات لە رێڕۆیەکی نێودەوڵەتیدا." 
 
وەزیری جەنگ گوتیشی: "ئەگەر هێرش بکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا یان کەشتییە بازرگانییە بێتاوانەکان، رووبەڕووی هێزێکی ئاگرینی بێوێنە و وێرانکەری ئەمریکا دەبنەوە."
 
هاوکات جەنەراڵ دان کەین، سەرۆکی دەستەی هاوبەشی سوپاسالاری ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانیان ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان بۆسەر ئێران ئەگەر فەرمانیان پێ بکرێ. جەنەڕاڵ کەین کە لە تەنیشت هێگسەس قسەی دەکرد، گوتی: "هیچ نەیارێک نابێت دانبەخۆداگرتنی ئێستامان بە کەمیی ئیرادە لێکبداتەوە."
 
رۆژی دووشەممە، ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایگەیاند، هێزەکانی واشنتن چەندین مووشەک و درۆنی ئێرانییان تێکشکاندووە، هەروەها شەش بەلەمی بچووکی ئێرانییان ژێرئاو خستووە کە هەڕەشە بوون بۆ سەر کەشتیوانی.
 
هەریەک لە کەین و هێگسەس ئەو بەئامانجگرتنەیان بە کەم زانی. جەنەڕاڵەکە ئەو بەئامانجگرتنیە بە "تەقەی هەراسانکاری ئاستنزم" ناوبرد و وەزیری جەنگیش گوتی: "تاوەکو ئێستا، ئاگربەستەکە بەردەوامە."
 
هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتەوە جەنگیان دژی ئێران دەستپێکرد، دوای ئەوەش تاران تەنگەی هورمزی داخست کە رێڕۆیەکی گرنگە بۆ هەناردەکردنی نەوت و گاز، هێزەکانی ئەمریکاش دواتر گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێرانیان راگەیاند.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەو ئاگربەستەی کە لە سەرەتادا بۆ دوو هەفتە بوو، بۆ ماوەیەکی نادیار درێژکردەوە، بەڵام جەنگەکە و لێکەوتە ئابوورییە فراوانەکانی هێشتا بێ چارەسەر ماونەتەوە.
 
جەنەراڵ کەین گوتی، ئێستا"22 هەزار و 500 دەریاوان لەنێو زیاتر لە 1550 کەشتیی بازرگانیدا لە کەنداوی عەرەبی گیریان خواردووە و ناتوانن تێپەڕ بن."
 
پێشتریش ئەدمیراڵ کووپەر گوتبووی، ئەمریکا راستەوخۆ پاسەوانیی کەشتییەکان ناکات، بەڵکو رێڕۆیەکی سەلامەتی لەناو تەنگەی هورمزدا پاککردووەتەوە.