سوپای پاسداران: تەنیا رێگەی سەلامەت بۆ تێپەڕین بە تەنگەی هورمزدا ئەوەیە ئێران دیاریکردووە
رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسداران هۆشداری دەداتە کۆمپانیاکان کە خاوەندارێتیی کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت دەکەن و دەڵێ، بۆ ئەوەی لە تەنگەی هورمزدا تووشی کێشە نەبن، دەبێ تەنیا ئەو رێگەیە بەکاربێنن کە ئێران دیاریکردووە.
رۆژی سێشەممە، 5ـی ئایاری 2026، هێزی دەریایی سوپای پاسداران رایگەیاند: "هۆشداریی دەدەینە هەموو ئەو کەشتییانەی کە ویستی هاتووچۆیان لە تەنگەکە هەیە، دەبێ تەنیا رێگەی سەلامەت بۆ تێپەڕبوون بە تەنگەی هورمزدا ئەو رێڕۆیە بێ کە پێشتر لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە راگەیێندراوە."
سوپای پاسداران دەڵێت، هەڵبژاردنی رێگەی دیکە لەلایەن کەشتییەکانەوە "ناسەلامەتە" و رووبەڕووی بەرپەرچدانەوەی "تووندی هێزی دەریایی سوپا دەبنەوە".
هێزی دەریایی سوپای پاسداران دووشەممە بە بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوێک، نەخشەی نوێی ئەو ناوچانەی خستەڕوو کە لە تەنگەی هورمز لەژێر کۆنترۆڵ و بەڕێوەبردنی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەدان.
بەپێی سوپای پاسداران، هێڵی یەکەم لە باشووری ئێران و رۆژهەڵاتی تەنگەی هورمزدایە و لە چیای موبارەک لە کەناراوەکانی ئێرانەوە دەستپێدەکات و تاوەکو باشووری بەندەری فوجەیرە لە ئیمارات درێژ دەبێتەوە.
هێڵی دووەمیش سەپاندنی کۆنترۆڵی ئێرانە بەسەر تەنگەی هورمزدا کە لە رۆژئاوای تەنگەکە هەڵکەوتووە و لە دوورگەی قیشم لەنێو ئاوە هەرێمییەکانی ئێرانەوە دەستپێدەکات و تاوەکو کەناراوەکانی ناوچەی ئومولقەیەوین لە ئیمارات بەردەوام دەبێت.
هەر لەو بارەیەوە، یەدوڵڵا جەوانی، جێگری سیاسیی سوپای پاسداران، شەوی رابردوو لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی باسی لەو هەنگاوەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران کرد و گوتی: "ئامانج لەم هەنگاوە نوێیەی ئێران، سەپاندنی بەڕێوەبەری و رێوشوێنی نوێیە بەسەر تەنگەی هورمزدا."
راگەیاندنی نەخشەی نوێی سنووری دەسەڵاتی هێزەکانی ئێران لە تەنگەی هورمز هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆژەی ئازادیی ئەمریکا بۆ ئازادیی کەشتیوانی لە تەنگەکەدا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە ئۆپەراسیۆنی (پڕۆژەی ئازادی)ـی بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز راگەیاند و لە رۆژی دووشەممە، 4ـی ئایاری 2026ـەوە دەست بە جێبەجێکردنی کرا.
کۆشکی سپی دەڵێت، ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە پاراستن و بردنەدەرەوە ئەو کەشتییە بازرگانییانەیە کە لە تەنگەی هورمزدا گیریان خواردووە.