قەرارگەی خاتەمولئەنبیا: هێرشمان نەکردووەتە سەر ئیمارات


رووداو دیجیتاڵ 

قەرارگەی خاتەمولئەنبیا دەڵێت، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چەند رۆژی رابردوودا هیچ هێرشێکیان نەکردووەتەوە سەر ئیمارات.
 
رۆژی سێشەممە، 5ـی ئایاری 2026، قەرارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران رایگەیاند: "هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چەند رۆژی رابردوودا هیچ هێرشێکیان بە مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆسەر ئیمارات ئەنجام نەداوە. ئەگەر هەر هەنگاوێکی وەها نرابا، بەڕوونی راماندەگەیاند، بۆیە راپۆرتی وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە رەتدەکرێتەوە و دوورە لە راستییەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بەرپرسان و دەوڵەتمەدارانی ئیمارات ئاگادار دەکەینەوە کە نابێت وڵاتەکەیان وەک خاکێکی ئیسلامی ببێتە بنکەی ئەمریکی و زایۆنیستەکان و هێز و کەرەستە سەربازییەکانیان؛ هەروەها نابێ ناپاکی لە جیهانی ئیسلامی و موسڵمانان بکەن."
 
لە راگەیێندراوی قەرارگەی خاتەمولئەنبیادا هاتووە: "بەداخەوە، دەبێ بگوترێ کە ئیمارات ئەمڕۆ بووەتە یەکێک لە بنکە سەرەکییەکانی ئەمریکا و زایۆنیییەکان و هۆکاری سەرەکی نائەمنی لە ناوچەکەدا، هەروەها بووەتە شوێنی بەشێکی زۆر لە هێز و کەرەستەی سەربازیی ئەوان."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەگەر هەر هەنگاوێک لە ئیماراتەوە بەرامبەر ئێران بگیرێتەبەر، وەڵامێکی "بەهێز و یەکلاییکەرەوە"یان بۆی دەبێ. 
 
دووشەممە، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی کەوتووەتە کار و 12 مووشەکی بالیستی، سێ مووشەکی کروز و چوار درۆنی تێکشکاندووە کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوون.
 
هەمان رۆژ میدیا فەرمییەکانی ئێران لە زاری بەرپرسێکی باڵای سەربازیی وڵاتەکەوە بڵاویانکردەوە: "کۆماری ئیسلامی هیچ پلانێکی پێشوەختەی بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئیمارات نەبوو. ئەوەی روویدا بەرهەمی سەرکێشی سوپای ئەمریکا بوو بۆ کردنەوەی رێڕەوێک بۆ ئەوەی کەشتییەکان بەشێوەیەکی نایاسایی بە ناوچە قەدەخەکراوەکانی تەنگەی هورمزدا تێپەڕن."
 
ئێوارەی ئەمڕۆش وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە راگەیێندراوێکی بەپەلەدا گوتی: "ئێستا بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئیمارات وەڵامی هێرشە مووشەکی و درۆنەکان دەدەنەوە کە لە ئێرانەوە ئاراستە دەکرێن."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگریی ئیمارات، لە دەستپێکی جەنگەوە تاوەکو ئێستا 549 مووشەکی بالیستی تێکشکێنراون، 29 مووشەکی کروز خراونەتە خوارەوە،  2,260 درۆن تێکشکێنراون.