نەتەنیاهوو: تەرمی دوو بارمتەی دیکەمان گەڕاندەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، تەرمی دوو بارمتەی دیکەی ئیسرائیلی - ئەمریکی، کە لە هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023ی حەماسدا کوژرابوون و لە غەززە دەستیان بەسەردا گیرابوو، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت گەڕێنراونەتەوە ئیسرائیل.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، تەرمی دووان لە بارمتەکان، کە لەلایەن حەماسەوە کوژرابوون و بردرابوون بۆ کەرتی غەززە، گەڕێندرانەوە بۆ ئیسرائیل، دوو بارمتەکەش بە ناوەکانی (جودی واینشتاین هەگای و گاد هەگای) کە لە کۆمەڵگە جوونشینەکانی باشووری ئیسرائیل دەژیان.
 
نەتەنیاهوو دەڵێت، "جودی و گاد لە 7ی تشرینی یەکەم کوژران و رفێنران بۆ کەرتی غەززە." 
 
هەر لەبارەی ئەو ئۆپەراسیۆنە، بەگوێرەی راگەیێندراوێکی هاوبەشی سوپا و دەزگای ئاسایشی ئیسرائیل ناسراو بە "شین بێت"، تەرمەکان لە ئۆپەراسیۆنێک لە شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە دۆزراونەتەوە و ئاشکراشیان کردووە "ئۆپەراسیۆنەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و هێزە تایبەتەکانی ئیسرائیلدا کراوە." 
 
گاد لە کاتی هێرشەکەی حەماسدا تەمەنی 72 ساڵان بووە و جودی واینشتاین هەگایش تەمەنی 70 ساڵان بووە.
 
ئیسرائیل لەم دواییانەدا هێرشەکانی بۆ سەر غەززە چڕکردووەتەوە، ئەمەش هەروەکو خۆیان دەڵێن هەوڵێکە بۆ لەنێوبردنی حەماس و گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکان بە زیندوویی و هەروەها بەوانەشی گیانیان لەدەستداوە و تەرمەکانیان لای حەماسن. 
 
لەکۆی 251 بارمتە، کە لە کاتی هێرشەکەی حەماسدا گیران و لەگەڵ خۆیان بردیانن بۆ نێو غەززە، هێشتا 55 لەو کەرتە ماون، کە 34یان گیان لەدەستدانیان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە پشتڕاست کراوەتەوە.