کابینەی ئیسرائیل بۆ بڕیاردان لەسەر دانوستاندن لەگەڵ حەماس کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئێوارەی رۆژی شەممە، وەزیرانی حکومەتی ئیسرائیل بۆ بڕیاردان لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو لە چوارچێوەی نوێترین هەوڵی نێوەندگیریی ئەمریکادا بۆ بڕیاردان لەسەر ئاگربەست لە غەززە کۆببنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئامادەی دانوستاندنە.
درەنگی دوێنێ شەوی هەینی، حەماس وەڵامی فەرمیی خۆی بۆ چوارچێوەی ئاگربەستەکە پێشکێش کرد و رایگەیاند کە وەڵامەکە "بە ئەرێنی وەسف کراوە"، هەروەها ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی نوێ لەبارەی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی دەربڕی.
ئێستا دەبێت بەرپرسانی ئیسرائیل بڕیار بدەن ئایا دانوستاندنکار دەنێرن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حەماس بە مەبەستی وردەکاریی زیاتر یان نا، ئەمەش بە یارمەتیی نێوەندگیرەکان. هەردوو لا رەتیدەکەنەوە رووبەڕوو کۆببنەوە، ئەمەش واتای ئەوەیە ئەگەری هەیە بچنە وڵاتێکی عەرەبی و لەوێ نێوەندگیرانی قەتەری یان میسری پەیامەکان لە نێوانیاندا بگوازنەوە. تاوەکو ئێستا هیچ شوێنێک رانەگەیێنراوە.
بەپێی نوێترین پێشنیاز، هەردوو لا پابەندی ئاگربەستێکی 60 رۆژە دەبن و لەو ماوەیەدا بارمتەکان لە بەرامبەر زیندانییە فەلەستینییەکان دەگۆڕدرێنەوە و هێزەکانی ئیسرائیلیش لەو ناوچانە دەکشێنەوە کە رێککەوتنیان لەسەر دەکرێت، ئەمەش بەپێی قسەی کەسانی ئاگادار لە گفتوگۆکان کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت. نێوەندگیرەکان ئەو پشووە دوو مانگییە بۆ دانوستاندن لەسەر رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە جەنگ بەکاردەهێنن.
هەرچەندە ئیسرائیل و حەماس ئامادەیی نیشان دەدەن بۆ تاوتوێکردنی پلانە نوێیەکە، بەڵام هێشتا ئەگەری هەیە لەسەر خاڵە هەرە هەستیارەکان تووشی وەستان بن، وەک چۆن پێشتریش روویداوە.
حەماس بەدوای گەرەنتییەوەیە بۆ ئەوەی هەر ئاگربەستێک ببێتە هۆی کۆتاییهاتنی هەمیشەیی بە ململانێکە، لە کاتێکدا بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە کە نایەوێت بە شێوەیەکی هەمیشەیی جەنگ رابگرێت پێش ئەوەی کۆتایی بە دەسەڵاتی حەماس لە غەززە بهێنێت.
بەپێی بەرپرسێکی حەماس و کەسێکی دیکەی ئاگادار لە دانوستاندنەکان کە قسەیان بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی کردووە، حەماس داوای گۆڕانکاریی لە پێشنیازە نوێیەکەدا کردووە، لانیکەم لەسەر سێ بابەت.
یەکێکیان بریتییە لە چۆنیەتیی چوونەژوورەوەی هاوکارییەکان بۆ غەززە لە ماوەی ئاگربەستەکەدا. دووەمیان ئەوەیە کە هێزەکانی ئیسرائیل تاەکو چەند لە پێگەکانیان لە غەززە دەکشێنەوە. سێیەمیشیان مەرجەکانی پەیوەست بە گەرەنتییەکانە بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە رێگە بۆ کۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە جەنگ خۆش بکات.
نێوەندگیرەکان چەندین جار لە مسۆگەرکردنی ئاگربەستێکی گشتگیر لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا، شکستیان هێناوە.
بەڵام ترەمپ دەڵێت، هیوادارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئاگربەستێک بێتە ئاراوە، لەگەڵ ئەوەشدا دان بەوەدا دەنێت کە هێشتا بابەتەکان ناجێگیرن.