نەتەنیاهوو وەزیرێکی ئیسرائیل لەسەر باسکردنی 'بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم لە غەززە' سڕ دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیرێکی حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند، بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە غەززە یەکێکە لە بژارەکان و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە لەسەر ئەو قسانە بڕیاریدا وەزیرەکە لە کۆبوونەوەکان سڕ بکات. حەماسیش دەڵێت، ئەو قسانە رەنگدانەوەی تیرۆرە لەنێو حکومەتی ئیسرائیل.
 
رۆژی یەکشەممە، 5-11-2023، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بڕیاریدا ئەمیحای ئێلیاهوو، وەزیری کاروباری ئۆرشەلیم/قودس و کەلەپووری ئیسرائیلی لە کۆبوونەوە فەرمییەکان سڕ بکات دوای ئەوەی ئەو وەزیرە رایگەیاندبوو بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە غەززە یەکێکە لە بژارەکان.
 
رۆژی یەکشەممە، ئێلیاهوو لە بەرنامەیەکی رادیۆی کۆلبێرامای ئیسرائیلی کاتێک لێی دەپرسن، ئایا ئیسرائیل بۆمبی ئەتۆمی بەکاردەهێنێت؟ لە وەڵامدا دەڵێت، "ئەمە یەکێکە لە ئەگەرەکان." لەبەشێکی دیکەی قسەکانی گوتی، "لە غەززە هەمووان چەکدارن."
 
نەتەنیاهوو لە بڵاوکراوەیەکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) گوتی، "قسەکانی ئەمیحای دوورن لە راستییەوە."
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بارەی پابەندبوونی وڵاتەکەیەوە بە یاسای نێودەوڵەتیی جەنگەوە رایگەیاند، "ئیسرائیل و هێزەکانی بەرگری بەبەرزترین ستاندارد یاساکانی نێودەوڵەتیی جێبەجێ دەکەن بۆ ئەوەی دووربن لە ئازاردانی ئەوانەی بەشێک نین لە شەڕەکە و بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە تاوەکو سەردەکەوین."
 
یائیر لاپید، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆن لە ئیسرائیل لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، دەبووایە نەتەنیاهوو هەر ئەم بەیانییە ئێلیاهووی دوورخستبایەوە، ئەو گوتی، "هەبوونی کەسانی تووندڕۆ لەنێو حکومەتەکەمان، ئامانجەکانی شەڕمان دەخاتە ژێر مەترسییەوە، کە بریتیین لە بەزاندنی حەماس و رزگارکردنی بارمتەکان."
 
ئیاتامار بن گڤیر، سەرۆکی حیزبی ئۆتزما یەهوودی، کە ئێلیاهوو ئەندامیێتی، رایگەیاند، ئەو قسەی لەگەڵ ئێلیاهوو کردووە، ئەو گوتوویەتی "مەبەستم لە بەکارهێنانی ئەو وشەیە لەناوبردنی حەماس و ئازادکردنی بارمتەکان بووە."
 
دواتر، ئەمیحای ئێلیاهوو لە هەژماری خۆی لە ئێکس رایگەیاند، "مەبەستم لە دەربڕینی ئەو وشەیە ئەوەیە دەبێت تیرۆریستان بەتووندی وەڵام بدرێنەوە و دەوڵەتی ئیسرائیلیش هەموو شتێک دەکات بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان بە سەلامەتی."
 
یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەر لە ئێکس رایگەیاند، قسەکانی ئەو وەزیرە بێبنەمان و شتێکی باشە، کە خەڵکێکی ئاوا ئاسایشی ئیسرائیلیان لەژێر دەسەڵات نییە.
 
بێنی گانتز، وەزیری پێشووی بەرگری گوتی، "قسەکانی ئێلیاهوو ئیسرائیل لەنێودەبەن و ئازاری خێزانی بارمتەکان زیاتر دەکەن."
 
بزووتنەوەی حەماسیش هەمان رۆژ بڵاویکردەوە، "قسەکانی ئێلیاهوو رەنگدانەوەی تیرۆریزمی بێوێنەی حکومەتەکەی نەتەنیاهوویە."
 
ئەمیحای ئێلیاهوو وەزیری کاروباری ئۆرشەلیم/قودس و کەلەپووری ئیسرائیلە لە حیزبی ئۆتزما یەهوودی و بەشێک نییە لە کابینەی جەنگی نەتەنیاهوو، هەروەها خاوەن هیچ بڕیار و دەسەڵاتێک نییە لە شەڕی ئێستای وڵاتەکەی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین.