سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئیمارات کۆبوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئیمارات لە ئەبوزەبی کۆبوونەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا دەڵێت: "لەگەڵ بەڕێز شێخ عەبدوڵڵا بن زاید ئال نەهیان، وەزیری دەرەوەی ئیمارات، جەختمان لە پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان کردەوە و دۆخی گشتیی عێراق و دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەمان تاوتوێ کرد."
پێش ئەوەش، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئیمارات لە ئەبوزەبی کۆبوونەوە، گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی عێراق دوای هەڵبژاردن و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە کرد.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکدا لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیە رایگەیاند: "لە شاری ئەبوزەبی، لەگەڵ برای بەڕێزم خاوەنشکۆ شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، دۆخی عێراق و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەمان تاوتوێ کرد."
مەسرور بارزانی هەروەها رایگەیاند: "هاوکاریی بەردەوامی ئیمارات و دانانی نێردەی تایبەت بە کاروباری ئابووری لەگەڵ کوردستانم بەرز نرخاند. هاوڕابووین لەسەر بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانمان."
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە کرا.