سووریا و لوبنان رێککەوتنێک واژۆ دەکەن؛ 300 زیندانی رادەست دەکرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
دیمەشق و بەیرووت رێککەوتنێکیان بۆ رادەستکردنەوەی 300 سزادراوی سووریایی بە دیمەشق واژۆ کرد. ئەم هەنگاوە وەک دەستپێکی قۆناخێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە دوای نەمانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دەبینرێ.
رۆژی هەینی، 06-02-2026 تارق مەتری، جێگری سەرۆکوەزیرانی لوبنان و مەزهەر وایس، وەزیری دادی سووریا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا لە بەیرووت رێککەوتنەکەیان راگەیاند.
وایس گوتی: "ئەمە هەنگاوێکی گرنگە لە رێڕەوی دادپەروەریدا بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئەو سزادراوانەی ماوەیەکی درێژە لە زیندانن و دۆسیەکەیان لە رووی یاساییەوە ئاڵۆزە".
ئەم رێککەوتنە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لانیکەم 10 ساڵیان لە زیندانەکانی لوبنان بەسەربردووە و پێویستە مەرجە یاساییەکانیان تێدا بێت تاوەکو سزاکانیان لە سووریا تەواو بکەن.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە 2,200 هاووڵاتیی سووریایی لە زیندانەکانی لوبناندا دەستبەسەرن.
سەدان کەسیان بە تۆمەتی تیرۆر و هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکانی لوبنان دادگایی کراون، یان تۆمەتبارن بە ئەندامبوون لە گرووپە چەکدارەکان کە دژی دەسەڵاتی پێشووی سووریا شەڕیان کردووە.
مەتری ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە تەنیا سەرەتایەکە و هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە هاوبەشەکانى هەردوو وڵات بەردەوامن.
هاوکات بڕیارە هەردوو حکومەت (ئەنجوومەنی باڵای لوبنان و سووریا) هەڵوەشێننەوە کە لە سەردەمی ئەسەد پێکهێندرا، هەروەها پێداچوونەوە بە بەشێک لەو رێککەوتنانەدا دەکەن کە لە چەند دەیەی رابردوودا واژۆکرابوون.
هاوکات سووریا و لوبنان دەیانەوێ کێشەی دیاریکردنی سنوورە وشکایی و دەریاییەکانی نێوانیان نەهێڵن.
مەتری گوتی، پێویستە هەموو ئەو رێککەوتنە "نادادپەروەرانە"ی کە پێشتر هەبوون هەموار بکرێنەوە تاوەکو سەروەریی هەردوو وڵات پارێزراوبێت.
ئەم هەنگاوە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە، ناوچەکە بە گۆڕانکاریی سیاسیی گەورەدا تێدەپەڕێ و دیمەشق دەیەوێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتە دراوسێکانی ئاسایی بکاتەوە.
مێژووى هەژموونى سووریا بەسەر لوبنان بۆ ساڵی 1976 و دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆیی لوبنان دەگەڕێتەوە، کاتێک سوپای سووریا بەناوی هێزی ئاشتیپارێزەوە چووە نێو لوبنان و بۆ نزیکەی 30 ساڵ وەک هێزی باڵادەست و بڕیاردەر لەو وڵاتەدا مایەوە.
لە ساڵی 2005 و دوای تیرۆرکردنی رەفیق حەریری، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی لوبنان، گوشارە نێودەوڵەتی و جەماوەرییەکان وایانکرد سوپای سووریا لە لوبنان بکشێتەوە.
لەو کاتەوە تاوەکو رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە کۆتایی ساڵی 2025، پەیوەندییەکانی هەردوولا بەردەوام لەژێر سێبەری ململانێ و دەستوەرداندا بوو.