وەزیری دەرەوەی عومان: گفتوگۆی زۆر جیدی لەنێوان ئێران و ئەمریکا بەڕێوەچوو
رووداو دیجیتاڵ
بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان بەڕێوەچوونی گەڕێکی نوێ و "زۆر جیدی" لە دانوستاندنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێرانی لە مەسقەتی پایتەختی وڵاتەکەی راگەیاند. هاوکات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، گفتوگۆکان "دەستپێکێکی باش" بوون بۆ نەهێشتنی ئەو بێ متمانەییەی لە دوای جەنگی حوزەیرانی ساڵی 2025 دروستببوو.
رۆژی هەینی 06-02-2025 وەزیری دەرەوەی عومان لە پەیامێکدا لەبارەی بەڕێوەچوونی دانوستاندنەکان گوتی: "گفتوگۆی زۆر جیدی بۆ نێوەندگیری لەنێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ لە مەسقەت بەڕێوەچوو. ئەم دانوستاندنە سوودبەخش بوو بۆ روونکردنەوەی دیدگەی هەردوو لایەنی ئێرانی و ئەمریکی و دەستنیشانکردنی ئەو بوارانەی ئەگەری بەرەوپێشچوونیان تێدایە."
بوسەعیدی ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجیانە لە کاتێکی گونجاودا دووبارە کۆببنەوە تاوەکو ئەنجامەکان لە تاران و واشنتن بە وردی تاوتوێ بکرێن.
دانوستاندنەکان لە کاژێر 10ـی بەیانی تاوەکو 6ـی ئێوارە بەردەوام بوون و بە شێوەیەکی "ناراستەوخۆ" بەڕێوەچوون. ئەمەش بەو واتایەی کە شاندەکانی هەردوو وڵات لە نێو یەک باڵەخانەدا بوون، بەڵام لایەنی عومانی وەک نێوەندگیر پەیامەکانی دەگواستەوە.
شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستێڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو.
لە بەرامبەردا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی دەکرد.
عێراقچی: دەبێ بەسەر بێ متمانەییەکەدا زاڵ بین
وەزیری دەرەوەی ئێران دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکان بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند: "دوای ماوەیەکی زۆر کە پەیوەندیمان نەبوو، را و بۆچوونمان ئاڵوگۆڕ کرد. ئەمە زۆر گرنگ بوو."
عێراقچی ئاماژەی بە ئاستەنگەکان کرد و گوتی: "ئێستا لە قۆناخێکداین دوای 8 مانگ پڕ لە بەرزی و نزمی کە شەڕێکمان کرد (جەنگی 12 روژەی حوزەیرانی 2025)، ئەو بێ متمانەییە گەورەیەی لەم ماوەیەدا دروستبوو، بووەتە ئاڵنگارییەکی گەورە."
عێراقچی گوتی، ئەگەر بەم ئاراستەیە بەردەوام بن، دەگەنە چوارچێوەیەکی پەسند، بەڵام بەردەوامبوونی پڕۆسەکە بەستراوەتەوە بەو بڕیارانەی لە تاران و واشنتن دەدرێن.
ئەم دانوستاندنە لە کاتێکدا دەستی پێکردووەتەوە دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر هۆشداری دابوو ئەگەر ئێران نەگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و رێککەوتن نەکرێ، ئەوا "شتی خراپ روودەدات."
واشنتن لەم گەڕەی گفتوگۆکاندا تەنیا پرسی ئەتۆمی تاوتوێ ناکات، بەڵکو دەیەوێ بەستەیەک لە پرسی مووشەکە بالیستییەکان و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکەش بخاتە نێو چوارچێوەی هەر رێککەوتنێکی داهاتووەوە.