کوێت بەرهەمهێنانی نەوتی کەم کردەوە؛ کۆگاکانی کەنداو خەریکە پڕ دەبن
رووداو دیجیتاڵ
کوێت دەستی بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە چەند کێڵگەیەکی سەرەکی کرد، ئەوەش دوای ئەوەی شوێنی پێویستی بۆ کۆگاکردنی ئەو نەوتە خاوە نەما کە بەهۆی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هەناردە ناکرێت.
رۆژی هەینی، 6ى ئادارى 2026، سەرچاوە ئاگادارەکان لە کەرتی نەوتی کوێت رایانگەیاند، وڵاتەکە خەریکی تاوتوێکردنی بڕیارێکی قورسترە بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان و پاڵاوتن، تەنیا بەو بڕەی کە بۆ بەکاربردنی نێوخۆیی پێویستە.
کۆمپانیای داتای (کێپلەر) گوتی، نیشانەکان دەریدەخەن کوێت دەستی بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان کردووە، چونکە ئەگەر ئەو هەنگاوە نەنێت، تەنیا 12 رۆژی دیکە هەموو کۆگاکانی نەوتی وڵاتەکە بەتەواوی پڕ دەبن.
جۆڤانی ستاونۆڤۆ، شارەزای بازاڕی کاڵاکان لە بانکی (یو بی ئێس) لەبارەی مەترسییەکانی راگرتنی بیرە نەوتەکان گوتی: "داخستنی بیرە نەوتەکان مەترسیی زیانی درێژخایەنی بۆ سەر پەستانی کێڵگەکان هەیە و تێچووی دەستپێکردنەوەیان یەکجار زۆرە؛ بۆیە ئەمە وەک دوا بژاردە سەیر دەکرێت."
ستاونۆڤۆ رایگەیاند، "لەو رۆژەی هەناردەکردن دەستپێدەکاتەوە، هەموو شتێک بە هەمان خێرایی ناگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی."
ئەم قەیرانە تەنیا کوێتی نەگرتووەتەوە. بەهۆی پەککەوتنی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، کۆگاکانی سعودیە و ئیماراتیش بە خێرایی پڕ دەبن.
سعودیە وێڕای هەبوونی توانایەکی گەورەی کۆگاکردن، هەوڵ دەدات لەرێگەی بۆرییەکانیەوە گەرووی هورمز تێپەڕێنێت و نەوتەکەی بگەیێنێتە بەندەری "یەنبوع" لەسەر دەریای سوور، بەڵام ئەم رێگەیە تەنیا بەشێکی کەمی هەناردەکەی بۆ قەرەبوو دەکرێتەوە.
پاڵاوگەی "راس تەنوورە" لە سعودیە، کە گەورەترین ناوەندی بارکردنی نەوتە لە جیهاندا، چەندین جار بە درۆن کراوەتە ئامانج، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر هەناردەی جیهانی دروست کردووە.
پێشبینی دەکرێ ئەو دوو وڵاتەش لە کەمتر لە سێ هەفتەدا بگەنە دوایین ئاستی توانای کۆگاکردنیان. ئەم دۆخە وایکردووە نرخی نەوتی برێنت لە 72 دۆلارەوە بۆ 90 دۆلار بەرزبێتەوە، پێشبینی دەکرێ بەم زووانە 100 دۆلار تێپەڕێنێت.
گەرووی هورمز شادەماری وزەی جیهانە و رۆژانە پێنجیەکی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.