سەرمایەداران بەهۆی جەنگەوە سەرمایەکانیان لە دووبەیەوە دەبەنە وڵاتانى دیکە
رووداو دیجیتاڵ
دەیان بازرگان و دەوڵەمەندی ئاسیایی دەستیان کردووە بە گواستنەوەی سەرمایەکانیان لە دووبەی و ئەبوزەبییەوە بەرەو ناوەندە داراییەکانی سەنگاپوور و هۆنگ کۆنگ. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر ئیمارات، وێنەی ئەو وڵاتەی وەک "پەناگەیەکی ئارام" بۆ وەبەرهێنان لەکەدار کردووە.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی (رۆیتەرز) کە رۆژی هەینی، 6ی ئادارى 2026 بڵاوکراوەتەوە، پارێزەران و راوێژکارانی دارایی ئاشکرایان کردووە کە شەپۆلێکی نوێی داواکاری بۆ گواستنەوەی سەرمایە لە ئیماراتەوە بەرەو وڵاتانى ئاسیا دەستیپێکردووە.
دوو بازرگانی هیندستانی نیشتەجێی دووبەی بە ئاژانسەکەیان راگەیاندووە، دوای یەکەم هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر وڵاتەکە، هەوڵیان داوە هەر یەکێکیان بڕی 100 هەزار دۆلار لە بانکە نێوخۆییەکانەوە بگوازنەوە بۆ سەنگاپوور.
رایان لین، پارێزەری پسپۆڕ لە داراییە تایبەتەکان لە سەنگاپوور گوتی، لە کۆی 20 کڕیاری کە نیشتەجێی دووبەین و هەر یەکێکیان خاوەنی لانیکەم 50 ملیۆن دۆلار سەرمایەیە، لەم هەفتەیەدا 7 کەسیان پەیوەندییان پێوە کردووە بۆ گواستنەوەی بەپەلەى سەرمایەکەیان.
ئایریس سوو، بەرپرس لە کۆمپانیای (ئەندەرسن گڵۆباڵ) ئاماژەی بەوە کرد کە نزیکەی 20 نووسینگەی بەڕێوەبردنی سامانی خێزانی لەم هەفتەیەدا پرسیاریان لەبارەی گەڕاندنەوەی سەرمایەکانیان کردووە.
سوو گوتی: "دووبەی هەمیشە بەهۆی سوودەکانی باجەوە جێگەى سەرنج بووە، بەڵام ئێستا پێموایە باج چی دیکە کارى لەپێشینەى سەرمایەدارەکان نییە."
وێڕای ئەم نیگەرانییانە، خالید محەممەد، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئیمارات رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، کەرتی بانکی و دارایی وڵاتەکەی بەهێز و سەقامگیرە و دەتوانێت بەسەر پێشهاتە هەرێمییەکاندا زاڵ بێت.
خالید محەممەد گوتی، بانکەکان و کۆمپانیاکانی دڵنیایی بە شێوەیەکی ئاسایی و بەبێ پەککەوتن کاردەکەن.
بەهۆى بووژانەوەی کەرتی خانووبەرە و ژێرخان لەم چەند ساڵەى رابردوو، ناوچەی کەنداو بووە ئامانجێکی گەورەی وەبەرهێنان. بەگوێرەی بانکی ناوەندیی ئیمارات، کۆی سەروەت و سامانی کەرتی بانکی و دارایی وڵاتەکە 5.42 تریلیۆن درهەم (1.48 تریلیۆن دۆلار) تێپەڕاندووە.
هەرچەندە هەندێک وەبەرهێنەری وەک جێرمی لیم، هاودامەزرێنەری (گراند وەی) هێشتا لەسەر پلانی کردنەوەی نووسینگەی نوێ لە ئەبوزەبی بەردەوامن، بەڵام جەخت دەکەنەوە کە ئەگەر ئیمارات بە شێوەیەکی راستەوخۆ بچێتە نێو جەنگەکەوە، ئەوا هەموو شتێک دەگۆڕدرێ.
شاری دووبەی لە ساڵی 2022ـەوە بووە ناوەندێکی سەرەکی بۆ راکێشانی سامانی خێزانە دەوڵەمەندەکانی وڵاتانی ئاسیا، کە دەیانویست سوود لە سیاسەتە داراییە نەرمەکان و سەقامگیریی سیاسیی ناوچەکە وەرگرن.
گەشەسەندنی کەرتی خانووبەرە و ژێرخان، ئیماراتی کردە یەکێک لە پێشەنگەکانی بازاڕی وەبەرهێنانی جیهانی.