حووسییەکان: بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای پاسداران هێرشمان کردە سەر ئیسرائیل
رووداو دیجیتاڵ
حووسییەکانی یەمەن رایانگەیاندووە، لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران، حیزبوڵڵای لوبنان و ئەرتەشی ئێران، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی هاوبەشیان بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامداوە.
رۆژی دووشەممە، 6ی نیسانی 2026، حووسییەکانی یەمەن لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی "بەرەنگاربوونەوەی نەخشەی زایۆنیستی" و بۆ پاڵپشتیکردنی ئێران، لوبنان، عێراق و فەلەستین، هێرشێکی فراوانیان ئەنجامداوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هێرشەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ "سوپای پاسدارانی ئێران، ئەرتەشی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان" بووە، کە تێیدا ژمارەیەک مووشەکی کرووز و درۆن بەکارهێنراون.
حووسییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئامانجی هێرشەکە "چەند بنکەیەکی سەربازی و هەستیار" بووە لە ناوچەی ئیلات لە باشووری ئیسرائیل و دەڵێن، "ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکەوتوویی ئامانجەکانی پێکاوە."
حووسییەکان ستایشی "خۆڕاگریی گەلی ئێران" و رۆڵی سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی لوبنان و عێراقیان کردووە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە "بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان تاوەکو بەدەستهێنانی سەرکەوتن."
رۆژی 28ی ئادار، حووسییەکان یەکەم ئۆپەراسیۆنی خۆیان لە دوای هەڵگیرسانی شەڕەکە بە کۆمەڵێک مووشەکی بالیستی بۆ سەر باشووری ئیسرائیل راگەیاندبوو. هۆکاری هێرشەکانیان بۆ "کۆمەڵکوژی و تاوانەکانی ئیسرائیل دژی لوبنان و ئێران و عێراق" گەڕاندەوە.