ئیسرائیل بەچڕی بۆردوومانی فرۆکەخانەی سەنعای پایتەختی یەمەنی کرد

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل بە چڕی فرۆکەخانەی شاری سەنعای پایتەختی یەمەن و چەند وێستگەیەکی کارەبای بە ئاماج گرت، ئەمەش دوو رۆژ لەدوای هێرشی حووسییەکان بۆ سەر فرۆکەخانەی بین گۆریۆنی ئیسرائیل.
 
رۆژی سێشەممە، شەشی نیسانی 2025، سوپای ئیسرائیل، هێرشە ئاسمانییەکەی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، هێرشەکەیان ژێرخانی حووسییەکانی وێران کردووە و "بەتەواوەتی وەستاندوویانە".
 
پێش هێرشەکە، سوپای ئسرائیل داوای لە یەمەنییەکان کرد فڕۆکەخانەکە چۆڵ بکەن و هۆشداری ئەوەی دا "چۆڵ نەکردن و دوورنەکەوتنەوە لە ناوچەکە دەتانخاتە مەترسییەوە". 
 
پێشتر ئیسرائیل لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا هێرشی کردبووە سەر فرۆکەخانەی سەنعا.
 
لە بەیاننامەکەی سوپای ئیسرائیلدا سەبارەت بە ئامانجکردنی فرۆکەخانەی سەنعا هاتووە، "ئەو فرۆکەخانەیە، لەلایەن حووسییەکانەوە بەمەبەستی گواستنەوەی چەک و چەکدار بەکاردێت".
 
هێرشەکەی ئەمڕۆ لەدوای رۆژێک لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری حودەیدەی یەمەن دێت کە وەکو یەکەم وەڵامی ئیسرائیل هات بۆ ئەو هێرشە مووشەکیەی کە حووسییەکان ئاراستەی فرۆکەخانەی بین گۆریۆنیان کردبوو. 
 
ئیسرائیل چەندین زنجیرە هێرشی دژی گرووپە پشتیوانی کراوەکانی ئێران لە یەمەن ئەنجامداوە، لەوانە بەئامانج گرتنی وێستگەی کارەبا و بەندەرەکان لە مانگی کانوونی دووەمدا.
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە رۆژی دووشەممەش هێرشی کردووەتە سەر پێگەی حووسییەکان لە بەندەری حودەیدە و کارگەی چیمەنتۆی باجیل لە رۆژهەڵاتی شاری حودەیدە.
 
سوپای ئیسرائیل لەبارەی ئەو هێرشەوە بۆ سەر ئەو بەندەرە دەڵێت "سەرچاوەیەکی سەرەکی حووسییەکانە بۆ گواستنەوەی چەکی ئێرانی" و لەبارەی کارگەی چیمەنتۆکەش وەکو "سەرچاوەیەکی ئابووریی گرنگ بۆ حووسییەکان" سوودی لێوەرگیراوە.
 
ئیسرائیل حووسییەکانی تۆمەتبار کردووە بەوەی داهاتی ئەو کارگەیە، بۆ تونێل و دەوڵەمەندکردنی ژێرخانەکانی خۆیان بەکارهاتووە. 
 
ئەو بەندەرە دووەم گەورەترین بەندەرە لە دەریای سووردا دوای عەدەن، هەروەها خاڵی هاتنە ژوورەوەی نزیکەی 80%ـی هاوردەی خۆراکی یەمەنە.
 
ئەنیس ئەسبەحی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی یەمەنە کە لەلایەن حوسییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت و رایگەیاند، لانیکەم 21 کەس لەو هێرشەی رۆژی دووشەممە برینداربوون.
 
لەدوای هێرشەکەی سەر فرۆکەخانەی بین گۆریۆن، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی لە حووسییەکان دا و گوتی "ئێمە لە رابردوودا هێرشمان کردووە، لە داهاتووشدا هێرش دەکەین".