سەرۆکی گرووپێکی چەکداری فەلەستینی لە غەززە دان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیسرائیلدا دەنێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی گرووپێکی چەکداری فەلەستینی کە دژی حەماسە و تۆمەتبارە بە تاڵانکردنی هاوکارییەکان لە کەرتی غەززە، لە هەڤپەیڤینێکدا دانی بەوەدانا کە هاوئاهەنگی لەگەڵ سوپای ئیسرائیل دەکات.
رۆژی یەکشەممە 06-07-2025، یاسر ئەبو شەباب رایگەیاند، گرووپەکەی کە بە "هێزە جەماوەرییەکان" ناسراوە، توانیویەتی بە ئازادی لەو ناوچانەدا بجووڵێتەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی سوپای ئیسرائیلدان و پێشوەختە ئۆپەراسیۆنەکانیان رادەگەیێنن.
ئەبو شەباب لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رادیۆی "مەکان" کە رادیۆی حکومەتی ئیسرائیلە بە زمانی عەرەبی، گوتی، گرووپەکەی "پشتگیریی لۆجیستی و دارایی لە چەندین لایەنەوە" وەرگرتووە، بەبێ ئەوەی راستەوخۆ ناوی ئیسرائیل بهێنێت و گوتیشی: "هەندێک شت هەن کە ناتوانین بە ئاشکرا باسیان بکەین."
مانگی رابردوو، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دانیان بەوەدانا کە پشتگیری لەو گرووپە چەکدارە فەلەستینیانە دەکەن کە دژی حەماسن لە غەززە، بەبێ ئەوەی ناویان بهێنن.
بێنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەو کاتەدا گوتی: "ئەمە باشە، ئەمە ژیانی سەربازانی ئیسرائیل رزگار دەکات."
ئەڤیگدۆر لیبەرمان، ئەندامی کنێست [پەرلەمانی ئیسرائیل] و وەزیری پێشووی بەرگری، حکومەتی بە "پێدانی چەک بە گرووپێکی تاوانکار و خراپەکار" تۆمەتبار کرد.
ناوەندی توێژینەوەی ئەنجوومەنی ئەورووپی بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئەبو شەباب وەک "سەرۆکی باندێکی تاوانکاری" لە ناوچەی رەفەحی باشووری غەززە وەسف دەکات، کە گومانی تاڵانکردنی بارهەڵگری هاوکارییەکانی لێدەکرێت.
ئەبو شەباب لە هەڤپەیڤینەکەدا وەڵامی ئەو تۆمەتەی نەدایەوە و جەختی لەوە کردەوە، تاکە ئامانجی گرووپەکەی شکستپێهێنانی حەماس و دابینکردنی جێگرەوەیەکە بۆ حوکمڕانی لە کەرتی غەززە.
ئەبو شەباب لە هەڤپەیڤینەکەدا گوتی: "ئێمە سەر بە هیچ ئایدۆلۆژیا و رێکخراوێکی سیاسی نین" و گوتیشی هەوڵدەدات کۆتایی بە "ستەمکاری" و "گەندەڵیی" حەماس بهێنێت.
هەروەها گوتی: "ئێمە بەردەوام دەبین لە شەڕکردن، گرنگ نییە چەند خوێن بڕژێت. ئێستا حەماس خەریکە دەمرێت. ئەوان دەزانن کۆتاییان نزیکە."
ئەبو شەباب تووڕەیی حەماسی ورووژاندووە، کە لە ساڵی 2007ـەوە حوکمڕانیی کەرتی غەززە دەکات. رۆژی چوارشەممە، دادگەیەکی سەربازیی حەماس 10 رۆژی مۆڵەتی پێدا بۆ ئەوەی خۆی رادەست بکات و بە تۆمەتی ناپاکیی نیشتمانی و چەندین تۆمەتی دیکە دادگایی بکرێت.
رۆژی یەکشەممە، هاوپەیمانییەکی عەشیرەتە فەلەستینییەکان، گرووپەکەی ئەبو شەبابیان بە "هاوکاریکردنی بێشەرمانە لەگەڵ دووژمن" تۆمەتبارکرد و رایگەیاند: "ئەوان لەلایەن هەموو گەلەکەمانەوە رەتکراونەتەوە. هیچ بەزەییەکمان پێیاندا نایەتەوە و نە بە هیچ کەسێکی دیکەش کە شوێنپێی ئەوان هەڵبگرێت لە یارمەتیدانی داگیرکەر. ئەوان بە ناپاک و بەکرێگیراو مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت."